ترەمپ: دیموکراتەکان هەڕەشە دەکەن
دۆناڵد ترەمپ، هێرشی توندی کردە سەر پارتی دیموکرات و بە سەرانەسەندن لەسەر باڵاترین ئاست تۆمەتباری کردن بەهۆی هەڕەشەکانیان بۆ لەسەرکارلابردنی داواکاری گشتیی وڵاتەکە و فشارخستنە سەر بەخشەرە کۆمارییەکان، هاوکات فەرمانی بە وەزارەتی داد کرد دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لەو پرسە دەستپێبکات.
شەممە 7ی تشرینی دووەمی 2026، ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) رایگەیاند، دیموکراتەکان هەڕەشەی لێپێچینەوە لە پۆست و چەندین سزای دیکە لە کەسایەتییەکان دەکەن، بەتایبەت لە داواکاری گشتیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئەمەش لە کاتێکدا بە گوتەی ترەمپ: هیچ کارێکی نایاسایی نەکراوە کە شایستەی لێپێچینەوە بێت، ئەمە سەرانەسەندنە لە بەرزترین ئاستدا و دەبێت دیموکراتەکان رووبەڕووی لێپرسینەوە بکرێنەوە.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد، دیموکراتەکان هەڕەشەی زیندانیکردن لە بەخشەرانی دارایی پارتی کۆماری دەکەن تەنیا لەبەر ئەوەی پشتیوانی لە کۆمارییەکان دەکەن، و گوتیشی: "ئەمە بەکارهێنانی یاسا و دادگاکانە وەک چەک لەسەر ئاستێکی دیکە. هەروەها ئەلیسا سلۆتکین، سیناتۆری میشیگن رایگەیاندووە، بەدوای هەموو ئەو گەنجانەدا دەچێت کە باوەڕیان بە بەها کۆمارییەکان هەیە، لە کاتێکدا پێویستە سزای زیندانیکردن بۆ ئەو کەسانە بێت کە سەرانە دەسەنن."
لە درێژەی پەیامەکەیدا، ترەمپ ئاشکرای کرد کە نامەی هەڕەشەئامێز لەلایەن سەرکردە سیاسییەکانی دیموکراتەوە بۆ چەندین کەسی بێتاوان نێردراوە، و لە کۆتاییشدا فەرمانی بە داواکاری گشتی و بەرپرسانی داد کرد و نووسی: "لە رێگەی دانانی کۆپییەکی ئەم راگەیەندراوەوە، فەرمان بە وەزارەتی داد دەکەم دەستبەجێ لێکۆڵینەوە لەم کردەوە تاوانکارییە بکات".