پارێزگاری هەولێر: لە لافاوەکەی ئەمشەودا هاووڵاتییەک گیانی لەدەستدا و منداڵێکیش بێسەروشوێنە

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بەهۆی دروستبوونی لافاوەوە لە گەڕەکی سێبەردانی شاری هەولێر گەنجێکی شۆفێری شۆفڵ کە خۆبەخشانە بە هانای هاووڵاتییانەوە چووبوو گیانی لەدەستدا، هاوکات منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵانیش کەوتووەتە بەر شەپۆلی ئاو و تا ئێستا چارەنووسی نادیارە.

شەممە 7ـی تشرینی دووەمی 2026، لە راگەیەندراوێکدا، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ئاشکرای کرد: "بەداخەوە قوربانی هەیە؛ بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، لە گەڕەکی سێبەردان هاووڵاتییەک کە شۆفێری شۆفڵ بوو، تەمەنی بیست و پێنج ساڵ بوو، خۆبەخشانە لەگەڵ تیمەکان بە شۆفڵی خۆی بە هانای هاووڵاتییان چووبوو، کەوتە بەر شەپۆلی ئاو و گیانی لەدەستدا."

سەبارەت بە زیانە گیانییەکانی دیکەی لافاوەکە، ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوە کرد: "هەروەها منداڵێکی پێنج ساڵان کە لەگەڵ باوکیدا لەناو ئۆتۆمبێلدا بوون، باوکەکە دەرباز بووە و منداڵەکەش چارەنووسی نادیارە."

بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینە بەخوڕەی ئەمشەو رووی لە شاری هەولێر کردووە، لە بەشێک لە گەڕەکەکان ئاو کۆبووەتەوە و لافاو دروست بووە؛ هاوکات تیمەکانی بەرگریی شارستانی و فریاگوزاری لە ئامادەباشیدان بۆ بەهاناوەچوونی لێقەوماوان و دۆزینەوەی ئەو منداڵەی کەوتووەتە بەر لافاوەکە.