ئومێد خۆشناو: لە لافاوەکەی هەولێر دوو کەس گیانیان لەدەستداوە

پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند لە کارەساتی لافاوەکەی ئەمشەودا بەهۆی بارینی 80 ملیمەتر باران، گەنجێکی خۆبەخش و منداڵێک گیانیان لەدەستداوە و زیانێکی زۆریش بەر ماڵی هاووڵاتییان و کاسبکاران کەوتووە؛ پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت پەیوەندیی تەلەفۆنی کردووە و رایسپاردوون هەموو هەوڵێک بۆ بەهاناوەچوون و پاراستنی سەلامەتیی گیانی هاووڵاتییان بگرنەبەر.

یەکشەممە 8ـی تشرینی دووەمی 2026، لە کاتی بەسەرکردنەوەی مەیدانیی گەڕەکە زیانلێکەوتووەکان، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند: "کارەساتێک بەسەر شارەکەمان و خەڵکەکەماندا هات؛ سەرەڕای ئەوەی لە مانگی ئەیلوولەوە ئامادەکارییەکان دەستیان پێکردبوو و پێشبینی دەکرا نزیکەی 30 ملیمەتر باران ببارێت، بەڵام بەپێی بەراوردە سەرەتاییەکان نزیکەی 80 ملیمەتر باران باریوە. ئەمەش وایکرد لافاوەکە تا رادەیەک بە شێوەیەکی سەرانسەری لە چەندین گەڕەک دروست ببێت و بەتایبەت لە 120 مەتری و 150 مەتری وەک رووبار ئاو دەهات، زیانێکی زۆریش بەر ماڵی خەڵک، کاسبکاران و دوکانداران کەوتووە."

سەبارەت بە زیانە گیانییەکان، ئومێد خۆشناو ئاشکرای کرد کە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە: "یەکەمیان گەنجێکی تەمەن 25 ساڵی خۆبەخش بوو کە بە شۆفڵی خۆی لە هیوایستییەوە بە هانای هاووڵاتییانەوە هاتبوو بۆ هەولێری نوێ بۆ ئەوەی خەڵک دەرباز بکات، بەڵام کەوتە بەر شەپۆلی ئاوەکە و گیانی لەدەستدا و تەرمەکەی دۆزرایەوە. قوربانیی دووەمیش منداڵێکی تەمەن پێنج ساڵان بوو لە نێو ئۆتۆمبێلدا لەگەڵ باوکی، باوکەکە دەرباز ببوو بەڵام منداڵەکەی ئاو بردبوو، خۆشبەختانە تیمەکانمان لە ماوەیەکی پێوانەییدا تەرمی ئەو منداڵەشیان دۆزییەوە."

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد کە بارانبارین وەستاوە و بەشی زۆری دۆخەکە کۆنتڕۆڵ کراوە، تەنیا لە هەولێری نوێ، گەڕەکی برایەتی و لای نەخۆشخانەی ژین پاشماوەی ئاو ماوە و سەرجەم تیمە خزمەتگوزارییەکان لە ئەرکدان بۆ پاککردنەوەی رێگەوبانەکان.

هەروەها ئومێد خۆشناو دووپاتی کردەوە کە سبەی یەکشەممە لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی سنووری پارێزگای هەولێر پشووی فەرمییە، و سەبارەت بە فەرمانبەرانی حکوومەتیش گوتی: "هەر فەرمانبەرێک بەهۆی لافاو، ئاوچوونە ماڵەکەی یان تێکچوونی رێگەوبانەکان نەتوانێت بچێتە سەر کارەکەی، وەک غیاب هەژمار ناکرێت و بە مۆڵەت بۆیان دادەنرێت."

پارێزگاری هەولێر گوتی: "مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندی کرد و پێش هەموو شتێک بەدواداچوونی زۆر وردی بۆ دۆخەکە کرد. ئێمەش هەموو وردەکاری و زانیارییە سەرەتاییەکانمان پێدا کە دۆخی هەولێر چۆنە و چی روویداوە."

ئومێد خۆشناو ئاماژەی بەوە کرد کە سەرۆکی حکوومەت ستایش و دەستخۆشی لە سەرجەم تیمە مەیدانییەکان کردووە و رایگەیاند:"جەنابیان دەستخۆشی لە تیمەکان کرد کە ئێستا هەموویان لە ئەرکدان و لە خزمەتی هاووڵاتییاندان. بەشداریکردنی تیمەکان تەنیا سنووردار نییە بە شارەوانی، بەڵکو سەرجەم تیمەکانی ئاسایش، پۆلیس، هاتووچۆ، بەرگریی شارستانی و تەنانەت هێزەکانی پێشمەرگەش ئامادەییان دەربڕیوە بۆ هاوکاری، هاووڵاتییانیش تا رادەیەکی باش هاوکارن."

پارێزگاری هەولێر جەختی لەوە کردەوە کە سەرۆکی حکوومەت راسپاردوویەتی هەموو هەوڵێک بۆ پاراستنی هاووڵاتییان بدرێت و گوتی: "سەرۆکوەزیران جارێکی دیکە جەختی لێکردینەوە و راسپاردینی کە چی پێویست دەکات بۆ بەهاناوەچوونی هاووڵاتییان ئەنجامی بدەین، چونکە ئەوەی لە هەموو شتێک گرنگترە لای ئێمە، سەلامەتیی گیانی هاووڵاتییانە."