هەڤاڵ ئەبوبەکر بۆ کوردستان24: دۆخی سلێمانی کۆنترۆڵە

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، سەرجەم فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی سلێمانی لە ئامادەباشیی تەواودان و رەوشی شارەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە، هاوکات تەواوی پشتیوانی و ئامادەیی خەڵک و ئیدارەی سلێمانی بۆ هەر جۆرە هاوکاری و بەهاناوەچوونێک بۆ پارێزگای هەولێر دووپاتکردەوە.

شەممە 7ـی تشرینی دووەمی 2026، هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لەبارەی هۆکاری راگەیاندنی پشووی قوتابخانەکان لە پارێزگاکە بە کوردستان24 گوتی: "بەهۆی خێرایی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی لە ماوەیەکی کەمدا بڕێکی زۆر ئاو کۆدەبێتەوە، بەپێی راپۆرتەکانی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و وەزارەتی ناوخۆ، لە پێناو سەلامەتیی قوتابییان و لەسەر داوای بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردە و لایەنە پەیوەندیدارەکان، بڕیارماندا سبەی یەکشەممە لە باخچەی ساوایانەوە تاوەکو 12ی ئامادەیی لە سەرجەم قوتابخانە و خوێندنگەکاندا لە سنووری پارێزگای سلێمانی و تەواوی قەزا و ناحیە و گوندەکان پشووی فەرمی بێت."

سەبارەت بە رەوشی لافاوەکەی ئەمشەوی هەولێریش، هەڤاڵ ئەبوبەکر ئاماژەی بەوە کرد: بەهۆی ئەو دۆخەی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان هاتە کایەوە، راستەوخۆ پەیوەندیم بە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر کرد و تەواوی ئامادەیی خۆمان بە ناوی خەڵک و حکوومەتی خۆجێیی سلێمانی بۆ هەر ئەرک و هاوکاری و بەدەمەوەچوونێک دەربڕی و دڵ و گیانمان لەگەڵ هەولێر و هەموو کوردستانە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا لەبارەی ئەگەری دروستبوونی لافاو لە سلێمانی، پارێزگاری سلێمانی دڵنیاییدا کە تا ئەم ساتە هیچ ڕووداوێکی نەخوازراو لە سنوورەکە رووی نەداوە، ئەمەش بەهۆی بوونی ژێرخانێکی باشی ئاوەڕۆ و ڕێڕەوەکانی ئاو کە پێشتر لەلایەن شارەوانی و پارێزگاوە جێبەجێکراوە.

هاوکات داوای لە هاووڵاتییان و شۆفێران کرد: "لە کاتی بارانی بەخوڕدا بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت نەیەنە دەرەوە و ئاستەنگ بۆ تیمەکانی بەرگریی شارستانی و فریاگوزاری دروست نەکەن، هەروەها پاشماوە و کەرەستەی بیناسازی فڕێ نەدەنە سەر مەنهۆڵ و رێڕەوەکانی ئاو بۆ ئەوەی رێگری لە ئاوەڕۆکان دروست نەبێت."