بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر: لێڵیی ئاو لە دابەزیندایە

ئاوی هەولێر: هیچ زیانێک بەر وێستگەکانی ئیفراز نەکەوتووە

بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24، نوێترین زانیاری لەبارەی راگرتنی وێستگەکانی ئاوی ئیفراز ئاشکرا کرد و رایگەیاند، رێژەی لێڵیی ئاو لە زێی گەورە بەرەو دابەزین دەچێت و لەگەڵ گەیشتنی بە ئاستی گونجاو، دەستبەجێ وێستگەکان دەکەونەوە کار.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 8ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەندازیار رابەر حوسێن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر روونی کردەوە: "لە شەوی رابردووەوە بەهۆی بارانبارین و لافاوەوە، رێژەی لێڵیی ئاو، لە زێی گەورە لە نزیک وێستگەکانی کێشانی ئاوی ئیفراز 1، 2 و 3 بە شێوەیەکی پێوانەیی بەرزبووەوە و گەیشتە 12 هەزار و 400 یەکەی پێوانەکردنی لێڵیی شلە، ئەمەش لە سەرووی توانستی تەکنیکیی وێستگەکانمان بوو بۆ پاڵاوتن، بۆیە ناچار بووین بە شێوەیەکی کاتی کارەکانیان رابگرین".

ئەندازیار رابەر حوسێن دڵنیایی دایە هاووڵاتییان و گوتی: لە کاتی راگرتنی وێستگەکانیشدا، لە رێگەی عەمبارەکانی شارەوە ئاو بەردەوام بووە و تا کاتژمێر 6:00ـی سەرلەبەیانی دابەشکراوە. ئێستاش سەرجەم بیرەکانی شاری هەولێر بە ئاسایی و بەردەوامی لەکاردان بۆ دابینکردنی ئاوی گەڕەکەکان.

سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی پاڵاوتن، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر گوتی: "خۆشبەختانە ئێستا بە شێوەیەکی پلەبەپلە لێڵیی ئاو روو لە کەمبوونەوەیە و بۆ نزیکەی 10 هەزار و 500 یەکەی پێوانەکردنی لێڵیی شلە دابەزیوە؛ چاوەڕوان دەکرێت لە چەند کاتژمێری داهاتوودا بگاتە نزیکەی 1،000بۆ 1500یەکە و بەوەش دەستبەجێ هەرسێ وێستگەی ئیفراز دەخەینەوە کار".

بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر جەختیکردەوە، سەرەڕای دروستبوونی لافاو و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە ناوچەکە، هیچ زیانێکی ماددی و تەکنیکی بەر وێستگەکانی ئاوی ئیفراز نەکەوتووە.