دەستەی دەستپاکی گەندەڵییەکی گەورەی لە ئەنبار ئاشکرا کرد

دەستەی دەستپاکی فیدراڵیی عێراق ئاشکرایکرد، لە فرۆشتنی موڵکێکی دەوڵەت لە پارێزگای ئەنبار بە رووبەری 400 دۆنم، زیاتر لە 18 ملیار دینار لە سامانی گشتی بەهەدەر دراوە.

دەستەکە لە راگەیەندراوێکدا روونیکردەوە، تیمێکی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی ئەنبار دەستیان بە بەدواداچوون و وردبینیکردن لە فەرمانگەی موڵکەکانی دەوڵەت، دەستەی گشتیی باج، بەڕێوەبەرایەتیی تۆماری خانووبەرە و بەڕێوەبەرایەتیی پلاندانانی ئاوەدانیی پارێزگاکە کرد. بەپێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، پێشێلکاریی گەورە لە رێکارەکانی نرخاندن و فرۆشتنی موڵکەکەدا کراوە، کە بە پێچەوانەی یاسای فرۆشتن و بەکرێدانی موڵکەکانی دەوڵەت ژمارە 21ـی ساڵی 2013 بووە.

روونیکردەوە، موڵکەکە دەکەوێتە شوێنێکی ستراتیژی و نزیک لە ناوەندی رومادی و بە موڵکی تەواو (ملک صرف) دادەنرێت. لە رێکارەکانی فرۆشتنی موڵکەکە بە زیادکردنی ئاشکرا پێشێلکاری کراوە و نرخی یەک دۆنمی بە حەوت ملیۆن و 250 هەزار دینار خەمڵێنراوە، لە کاتێکدا بەپێی رێنماییەکان دەبوو نرخی هەر دۆنمێک دوای جیاکردنەوە 28 ملیۆن دینار بێت، کە ئەوەش لە نرخی راستەقینەی بازاڕ دوورترە.

تیمەکانی دەستەکە بۆ دڵنیابوونەوە لە نرخی موڵکە هاوشێوەکان، سەردانی ژمارەیەک نووسینگەی خانووبەرەیان لە رومادی کرد و بۆیان دەرکەوت نرخی یەک دۆنم لەو ناوچەیە لەنێوان 50 بۆ 60 ملیۆن دیناردایە. بەم پێیەش نرخی راستەقینەی موڵکەکە دەگاتە 20 ملیار دینار، لە کاتێکدا جیاوازیی نێوان ئەو نرخە و نرخی فرۆشتنەکەی 18 ملیار و 433 ملیۆن و 200 هەزار دینارە کە بەهەدەر دراوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی تایبەتمەند بە کەیسەکانی دەستپاکی لە رومادی، بڕیاریدا دەست بەسەر سەرجەم بەڵگەنامە پەیوەندیدارەکاندا بگیرێت و لێکۆڵینەوەکان بۆ دیاریکردنی کەمتەرخەمەکان و تەواوکردنی رێکارە یاساییەکان بەردەوام بن. هاوکات گوتەی نوێنەرانی یاسایی فەرمانگەی موڵکەکانی دەوڵەت، بەڕێوەبەرایەتیی تۆماری خانووبەرە و دەستەی گشتیی باج لە پارێزگاکە وەرگیرا.

دەستەی دەستپاکی روونیکردەوە، لە ماوەی دوو مانگی رابردوودا فرۆشتنی موڵکێکی دیکەیان لە پارێزگای ئەنبار بە رووبەری 872 دۆنم راگرت و بەو هۆیەوە رێگرییان لە بەهەدەرچوونی 57 ملیار و 650 ملیۆن دینار لە سامانی گشتی کرد.