پێنجەمین سیمپۆزیومی سلێمانی بە بەشداری هونەرمەندانی هەر چوارپارچەی کوردستان بەڕێوەدەچێت
پێنجەمین سیمپۆزیومی سلێمانی، لە ناوەڕاستی کانوونی یەکەمی ئەمساڵدا، لەژێر درووشمی "پڕۆژەیەک لە کوردستانەوە بۆ سلێمانی"، بەبەشداری ژمارەیەکی زۆر لە شێوەکاران و هونەرمەندانی هەر چوارپارچەی کوردستان و هەروەها چەندین هونەرمەندی کوردی نیشتەجێی دەرەوەی وڵات، لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
یەکشەممە، 8ی تشرینی دووەمی 2026، بەختیار سەعید، سەرپەرشیاری ئەو پڕۆژە هونەرییە بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەم سیمپۆزیومە وەک پڕۆژەیەکی هونەری و کولتووری گرنگ بۆ کۆکردنەوەی شێوەکارانی کورد لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان و دەرەوەی وڵات دادەنرێت، بۆ ماوەی حەوت رۆژ بەردەوام دەبێت و بەشداربووان لە ماوەی ئەو رۆژانەدا دەرفەتی ئەوەیان دەبێت بەرهەمە هونەرییەکانیان پێشکەش بکەن و لە ئەزموون و شێوازی کاری یەکتری سوودمەند بن."
بەختیار سەعید سەبارەت بە بەرنامەکانی پڕۆژەکە گوتی، "بەرنامەی سیمپۆزیومەکە لە سێ بەشی سەرەکیی پێکدێت؛ سێ رۆژی یەکەم بۆ کارکردنی هونەرمەندان و وێنەکێشان تەرخان دەکرێت، بەمەبەستی ئەوەی هەر شێوەکارێک بە شێوازی تایبەتی خۆی و بە پشتبەستن بە بینین و تێڕوانینی هونەریی خۆی، بەرهەمێکی نوێ دروست بکات."
سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە باسی لەوەش کرد، "لە سێ رۆژی دواتردا پێشانگەی بەرهەمە دروستکراوەکان دەکرێتەوە، تاکو خەڵک و هەوادارانی هونەر بتوانن کارەکانی بەشداربووان ببینن و لە نزیکەوە ئاشنا بن بە شێوازی هونەری و توانای شێوەکارانی بەشداربوو. هەروەها یەک رۆژیش بۆ سەردانی شوێنە جیاوازەکان و ئاشنابوونی هونەرمەندان بە شوێن و دیمەنەکانی ناوچەکە تەرخان کراوە."
سەبارەت بە تایبەتمەندییە گرنگەکانی پڕۆژەکە، بەختیار سەعید دەڵێت، "یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی ئەم سیمپۆزیومە، بەشداریی هونەرمەندانی هەر چوارپارچەی کوردستانە، کە دەرفەتێکی نوێ بۆ نزیککردنەوەی هونەرمەندان و ئاڵوگۆڕکردنی ئەزموون و بیرۆکەی هونەری لە نێوانیاندا دەڕەخسێنێت. لە تەنیشت هونەرمەندانی بەشەکانی کوردستان، بەشێک لە هونەرمەندانی کوردی نیشتەجێی وڵاتانی وەک ئەڵمانیا و سویدیش بەشداری لەم پڕۆژەیەدا دەکەن."
بەختیار سەعید سەبارەت بە گرنگیی ئەو پڕۆژەیە روونیکردەوە، "ئەم کۆبوونەوەیە تەنیا بۆ دروستکردنی بەرهەمی شێوەکاری نییە، بەڵکو هەوڵێکە بۆ دروستکردنی پردێکی هونەری لە نێوان شێوەکارانی کورد، کە لە ژینگە و شوێنە جیاوازەکاندا دەژین و هەر یەکەیان ئەزموون و تێڕوانینێکی تایبەتیان هەیە. کۆبوونەوەیان لە یەک شوێندا دەتوانێت ببێتە هۆی دروستبوونی گفتوگۆی هونەری، ناساندنی شێوازە جیاوازەکانی وێنەکێشان و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هونەرمەندان."
سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە ئاماژەی بەوەش دا، "سیمپۆزیومەکە دەتوانێت دەرفەتێک بێت بۆ ناساندنی توانای هونەری و دەوڵەمەندیی کولتووری کوردستان، چونکە بەرهەمەکان تەنیا رەنگ و هێڵ و شێوە نین، بەڵکو دەربڕینی ژینگە، مێژوو، کولتوور و تێڕوانینی هونەرمەندانن بۆ ژیان و ژینگەی دەوروبەریان."
پێنجەمین سیمپۆزیومی سلێمانی بەو بەرنامەیە حەوت رۆژەیەوە، چاوەڕوان دەکرێت ببێتە یەکێک لە چالاکییە هونەرییە دیارەکانی ئەمساڵ لە سلێمانی و هەنگاوێک بێت بۆ فراوانکردنی پەیوەندییە هونەرییەکان لە نێوان شێوەکارانی کوردستان و ئەوانەی لە دەرەوەی وڵات کار دەکەن.