بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی: لە سبەیەوە کەشوهەوا ئاسایی دەبێتەوە
بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، شەپۆلی بارانبارین تاوەکو ئەمشەو بەردەوام دەبێت و لە سبەیەوە رەوشەکە سەقامگیر دەبێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 08ـی تشرینی دووەمی 2026، فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەری کوردستان24، رەوشی کەشوهەوای ناوچەکەی خستەڕوو و رایگەیاند، ئەو شەپۆلە بارانبارینەی لە رۆژی پێنجشەممەوە هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، ئەمڕۆ بە شێوەیەکی لاوازتر و پچڕپچڕ بەردەوام دەبێت، بەڵام بۆ بەیانیی رۆژی دووشەممە، 09ـی تشرینی دووەم، رەوشەکە بەرەو سەقامگیری دەچێتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی باسی لەوە کرد، لەگەڵ لاوازبوونی شەپۆلەکە بارستە هەوایەکی سارد ناوچەکە دەگرێتەوە، ئەمەش وا دەکات پلەکانی گەرما سێ بۆ چوار پلە دابەزن.
سەبارەت بە هۆکاری دروستبوونی لافاوەکەی هەولێر و بڕی دابارینەکە، فازڵ ئیبراهیم روونیکردەوە، هەرچەندە بارانبارین لە کاتژمێر 05:00ـی ئێوارە دەستی پێکرد، بەڵام چڕبوونەوەی شەپۆلەکە لە نێوان کاتژمێر 07:00 بۆ 09:00ـی شەو بوو لە باکووری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر.
ئاماژەی بەوەش دا، بەر لە 72 کاتژمێر راپۆرتی هۆشدارییان ئامادە کردووە و رۆژانەش دوو راپۆرت دەدەنە ژووری ئۆپەراسیۆنەکان بۆ وەرگرتنی رێکاری پێویست.
لەبارەی وشکەساڵی و رێژەی بارانبارینی ئەمساڵەوە، فازڵ ئیبراهیم گوتی، "بەهۆی ئەوەی دیاردەی (ئێل نینۆ)ـی بەهێز لەسەر ئاستی جیهان زاڵە و هەرێمی کوردستانیش پێی کاریگەر دەبێت، پێشبینی دەکەین رێژەی بارینی ئەمساڵ لەسەرووی تێکڕای ئاسایی ساڵانەوە بێت بە رێژەی نێوان 20% تاوەکو 30%."
دیاردەی "ئەلنینۆ" یەکێکە لە گەورەترین گۆڕانکارییە ئاووهەواییەکانی جیهان، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای ئاوی زەریای هێمنەوە دروست دەبێت و کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر زۆربەی وڵاتانی جیهان و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە. پێچەوانەی دیاردەی "لانینا" کە هۆکارە بۆ کەمبوونەوەی باران و وشکەساڵی، ئەلنینۆ دەبێتە هۆی زیادبوونی رێژەی دابارین و زۆرجاریش بە شێوەی بارانی بەخوڕ و لەناکاو دەردەکەوێت، کە دەبێتە هۆی دروستبوونی لافاو.
لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووەوە، 05ـی تشرینی دووەم، شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و ئێوارەی شەوی رابردوو (شەممە، 07ـی تشرینی دووەم)، گەیشتە لووتکە. لە شاری هەولێر، بەهۆی بارانی بەخوڕەوە ئاو چوو نێو چەندان گەڕەک و ماڵدا و بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا.
پارێزگاری هەولێر وەک رێکارێکی خۆپارێزی و لە پێناو پاراستنی گیانی قوتابییان و مامۆستایان؛ ئەمڕۆ لە هەموو قوتابخانە و ناوەندەکانی خوێندنی کردووەتە پشووی فەرمی.