پارێزگاری هەولێر و بەرێوەبەرە گشتییەکان بۆ دیاریکردنی زیانەکانی لافاوەکە لە کۆبوونەوەدان
بە مەبەستی لێکۆڵینەوە لە کەمکوڕییەکان و خەمڵاندنی ئەو زەرەر و زیانانەی بەهۆی بارانی بەخوڕ و پەنگخواردنەوەی ئاو لە چەند گەڕەکێکی شاری هەولێر کەوتوونەتەوە، پارێزگاری هەولێر و بەڕێوەبەرە گشتییەکان لە کۆبوونەوەدان.
بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، لەم کۆبوونەوەیە تایبەتەدا کە سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان تێیدا بەشدارن، بە وردی تاوتوێی هۆکارەکانی کۆبوونەوە و پەنگخواردنەوەی ئاو لە شەقام و گەڕەکەکان دەکرێت.
ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکەش هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکە و دیاریکردنی قەبارەی ئەو زەرەر و زیانانەیە کە بەر هاووڵاتییان و ژێرخانی شارەکە کەوتوون، بۆ ئەوەی بە زووترین کات هەنگاوی پێویست بۆ چارەسەرکردنی کەمکوڕییەکان بنرێت.
هاوکات شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر بە کوردستان24ـی رایگەیاند، لە کاتژمێر 6:00ـی ئێوارەی دوێنێوە شەپۆلەکە دەستی پێکردووە و دەستبەجێ تیمەکانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەولێر، شارەوانی، بەڕێوەبەرایەتی ژینگە و تیمی وەڵامدانەوەی خێرا، بەدەم داواکاری هاووڵاتییانەوە چوون و توانیویانە هەموو ئەو کەسانەی لەناو ئاودا گیریان خواردبوو بە سەلامەتی رزگار بکەن.
شاخەوان سەعید ئاماژەی بەوەدا، تەنیا لە نزیک "هایلاند" زیاتر لە 20 کەسیان رزگار کردووە. هەروەها لەسەر پردۆڵکەیەک کە سەرەتای دروستبوونی لافاوەکە بووە، توانیویانە بە بەکارهێنانی گوریس دوو کەس لە خنکان رزگار بکەن. جەختیشیکردەوە، کاری لەپێشینەی تیمەکانیان لە کاتی رووداوەکەدا، رزگارکردنی گیانی هاووڵاتییان بووە نەک دەرهێنانەوەی ئۆتۆمبێلەکان.