بەمزووانە نەوتی سپی ماڵان لە سنووری هەولێر دابەش بکرێت
بڕیارە بەمزووانە پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی بەسەر ماڵاندا لە سنووری پارێزگای هەولێر دەست پێبکات. لەم بارەیەوە، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، وردەکاریی پرۆسەکە و قەبارەی ئەو نەوتەی کە بڕیارە لە بەغداوە بنێردرێت، ئاشکرا دەکات.
لەوبارەوە ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بە کوردستان 24ـی راگەیاند، حکوومەتی فیدراڵیی عێراق بڕیاری داوە 50 ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت، بەڵام سەرەڕای هاتنی وەرزی سەرما، تا ئێستا هیچ بڕێک لەو نەوتە نەگەیشتووەتە هەرێم.
سەبارەت بە بڕی پێداویستیی هەرێمی کوردستان، پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، هەرێم پێویستی بە نزیکەی 280 ملیۆن لیتر نەوتی سپی هەیە، بۆیە ئەو 50 ملیۆن لیترەی عێراق بڕیاری لەسەر داوە، تەنیا بەشێکی زۆر کەم لە پێداویستییەکان پڕ دەکاتەوە و دەکاتە نزیکەی 14 بۆ 15 لەسەدی کۆی پێداویستیی گشتیی هەرێمی کوردستان.
ئومێد خۆشناو جەختی لەوەش کردەوە، هەرکاتێک ئەو 50 ملیۆن لیتر نەوتە بگاتە هەرێمی کوردستان، لە رێگەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە بەپێی خشتەیەکی ئامادەکراو بەسەر هاووڵاتیاندا دابەش دەکرێت.
بەپێی خشتەکە، پرۆسەی دابەشکردنەکە بەم شێوەیە دەبێت:
قۆناخی یەکەم: لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەست پێدەکات.
قۆناخی دووەم: ناوچەکانی ناوەڕاست و دەوروبەر دەگرێتەوە.
قۆناخی سێیەم: لە سەنتەری شارەکان دابەش دەکرێت.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشتر بە مەبەستی پێدانی 200 لیتر نەوت بە هەر خێزانێک، داوای نزیکەی 300 ملیۆن لیتر نەوتی سپیی ماڵانی لە حکوومەتی عێراق کردبوو، بۆ ئەوەی پێداویستییەکانی وەرزی زستان بەتەواوی بۆ هاووڵاتیان پڕبکرێتەوە.