سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەرەو بەغدا بەڕێکەوت
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەرەو بەغدا بەڕێکەوت و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و سەرکردەی هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق کۆدەبێتەوە.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەمڕۆ دووشەممە، 09ـی تشرینی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی دەگاتە بەغدا و لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە پەراوێزی سەردانەکەیدا، لەگەڵ سەرکردەی حزب، هاوپەیمانێتی و کەسایەتییە سیاسییەکانی عێراق زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە ئەنجام دەدات.
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوە کرد، سەۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ عەلی زەیدی و سەرکردەکانی عێراق تاوتوێی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکات.
پێشەوا هەورامانی گوتیشی: لە کۆبوونەوەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەگەڵ حکوومەت و سەرکردە سیاسییەکانی عێراق سەرنج لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان بەپێی دەستوور و یاسا و رێککەوتنەکان دەبێت، بەشێوەیەک چارەسەری گونجاو بۆ سەرجەم کێشەکان بدۆزرێتەوە.
ئەمە دووەم سەردانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییە بۆ بەغدا لەمساڵدا، سەردانەیەکی پێشووی لە ئایاری رابردوودا بوو، بۆ پتەوکردنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکان و تاووتوێکردنی دۆسیە هاوبەشەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق بوو.