سەدان خێزانی خورماتوو لە وەرگرتنی نەوتی سپی بێبەش دەکرێن

بەهۆی بڕیارێکی حکوومەتی عێراقەوە، نزیکەی 600 خێزانی دانیشتووی سنووری خورماتوو لە وەرگرتنی بەشە نەوتی سپیی ئەمساڵ بێبەش بوون و داوای چارەسەرکردنی کێشەکە و گێڕانەوەی مافەکانیان دەکەن.

بەشێک لە هاووڵاتییانی ئەو شارۆچکەیە باس لەوە دەکەن، سەرەڕای ئەوەی پێنج ساڵە لەوێ نیشتەجێن و خێزانەکانیان رەچەڵەکیان بۆ هەمان شار دەگەڕێتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کارتی نیشتمانییان سەر بە ناوچەی قادر کەرەمە، لە وەرگرتنی نەوت بێبەش کراون. ئەوان جەختدەکەنەوە کە لەگەڵ دەستپێکی وەرزی سەرمادا، توانای داراییان بۆ کڕینی نەوت نییە.

لە وەڵامی ئەو کێشەیەدا، یاسین محەمەد، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین بە کوردستان24ـی راگەیاند، کێشەکە لەسەر ئاستی وەزارەتی نەوتی عێراقە و ئەمساڵ شێوازی دابەشکردنی نەوتی سپیی ماڵان گۆڕاوە. ئەو گوتی: تەنیا لە پارێزگاکانی کەرکووک و مووسڵ و دیالە نەوت بە شێوازە کۆنەکە دابەش دەکرێت.

یاسین محەمەد روونیکردەوە، لە زۆرینەی پارێزگاکانی عێراقدا پرۆسەی دابەشکردنی نەوت بەستراوەتەوە بە کارتی نیشتمانییەوە. بە گوتەی ئەو بەرپرسە، ئەو خێزانانەی کارتی نیشتمانییان سەر بە یەکێک لە شارەکانی هەرێمی کوردستانە، کاتێک کارتەکە لە سیستمی دابەشکردندا تۆمار دەکرێت، لەبەر ئەوەی بەشە نەوتی ئەو پارێزگایە نین، هاووڵاتییەکە لە وەرگرتنی نەوت بێبەش دەکرێت.

سەبارەت بە هەوڵەکانی چارەسەرکردن، ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای سەڵاحەدین جەختیکردەوە، لەگەڵ وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و کانزاکان لەسەر هێڵن و لایەنی پەیوەندیدار بەڵێنی داوە کێشەکە چارەسەر بکات.

ئەمساڵ حکوومەتی عێراق بڕیاریدا شێوازی دابەشکردنی نەوتی سپیی ماڵان لە فۆڕمی خۆراکەوە بۆ کارتی نیشتمانی بگۆڕێت، کە بەوهۆیەوە سەدان خێزان لە سنووری ناوچە دابڕێنراوەکان لە نەوتی سپی بێبەش بوون. بڕیارە لەم مانگەدا هەر خێزانێک 100 لیتر نەوتی پێ بدرێت.