پەروەردەی هەولێر: ئاسانکاری بۆ قوتابییانی زیانلێکەوتووی لافاو دەکرێت

پەروەردەی هەولێر رایگەیاند؛ سەرجەم قوتابخانەکان راسپێردراون تاوەکو هه‌موو ئاسانکارییەک بۆ ئەو قوتابییانە بکەن کە ماڵەکانیان بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە و پێداویستییەکانیان بۆ دابین دەکرێتەوە.

بەهۆی لافاوەکەی شەوی 7 لەسەر 8ـی ئەم مانگە، دەیان ماڵ لە سەنتەری شاری هەولێر بەر لافاو کەوتن و زیانێکی زۆریان پێگەیشت. ماڵەکان جگە لە لەنێوچوونی کەلوپەلەکانیان، پێداویستی و کتێبی سەدان قوتابیشیان بەهۆی لافاو زیانی پێگەیشتووە و کەڵکی بەکارهێنانیان نەماوە.

سەبارەت بەو پرسە، مامۆستا لوقمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەڕێوەبەرایەتیی پەروەردەی ناوەند و سەرجەم قوتابخانەکانی راسپاردووە، هەموو ئاسانکارییەک بۆ ئەو قوتابییانە بکەن کە ماڵەکانیان بەر لافاو کەوتووە و هەروەها ئەگەر کتێب و پێداویستییەکانیان لەنێوچووە یان کەڵکی بەکارهێنانیان نەماوە بۆیان دابین بکەنەوە، ئەو قوتابییانەشی تاقیکردنەوەیان هەیە ئاسانکارییان بۆ بکرێت بە گوێرەی پلانی ساڵانەی خوێندنی قوتابخانەکان.

گوتیشی، لە ئەمڕۆوە قوتابخانەکان لەگەڵ خێزانی ئەو قوتابییانە هەماهەنگی دەکەن کە زیان بەر ماڵەکانیان کەوتووە. سەبارەت بە ئاماری ئەو قوتابییانەی زیانیان بەرکەوتووە، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی هەولێر رایگەیاند، ئامارێکی دروستییان لەبەردەست نییە، بەڵام هەر قوتابییەک زیان بە پێداویستییەکانی گەیشتووە هاوکاری دەکرێت و رێگەنادەن هیچ گرفتێک رووبدات.

شەوی 7 لەسەر 8ـی مانگ شەپۆلێکی بارانبارینی بەلێزمە سەنتەری شاری هەولێری گرتەوە و لە 2 کاتژمێردا 70 مللیمەتر باران باری، بەهۆیەوە لافاو لە چەند گەڕەکێکی وەک تەیراوە، سێبەردان و هەولێری نوێ و ژمارەیەک شوێنی دیکە دروست بوو و بە سەدان دووکان، ماڵ و ئۆتۆمبێل زیانیان بەرکەوت.