بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی سادیقوون: سەردانەکەی مەسرور بارزانی زۆر گرنگ و ئەرێنییە
بەرپرسێکی باڵای بزووتنەوەی (سادیقوون) پێشوازی لە سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ بەغدا دەکات و بە "زۆر گرنگ و ئەرێنی" وەسفی دەکات.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 09ـی تشرینی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا و، لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و سەرکردەی حزب، هاوپەیمانێتی و کەسایەتییە سیاسییەکانی عێراق کۆدەبێتەوە.
لەمبارەوە، سەعد سەعدی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی (سادیقوون) کە لەلایەن قەیس خەزعەلییەوە سەرکردایەتی دەکرێت؛ بە ماڵپەری کوردستان24ـی گوت، "پێشوازی لە سەردانەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا دەکەین و پێمان وایە سەردانێکی زۆر گرنگ و ئەرێنییە، بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکان و چارەسەرکردنی كێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا".
سەعد سەعدی دووپاتی کردەوە، "مەسرور بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان رۆڵێکی زۆر گرنگ و کاریگەر لە گۆڕەپانی سیاسیی عێراقدا دەگێڕن و ئامانجمانە، هەر کێشەیەک هەبێت لە نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر مێزی گفتوگۆ و لەسەر بنەمای دەستوور چارەبکرێن".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی (سادیقوون) ئاماژەی بەوەش کرد، "سەردانەکەی مەسرور بارزانی لە کاتێکی هەستیاردایە، بەتایبەت کە عێراق بە قەیرانێکی سەختی ئابووریدا تێدەپەڕێت. ئێمە جەخت دەکەینەوە، بۆ چارەسەرکردنی ئەم قەیرانە و هەموو کێشەکانی دیکەی وڵات، پێویستە لایەنە سیاسییەکانی عێراق یەکگرتوو بن و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان لەسەرووی بەرژەوەندییە حزبەکانییانەوە دابنێن".
ئەمە دووەم سەردانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییە بۆ بەغدا لەمساڵدا، سەردانەیەکی پێشووی لە ئایاری رابردوودا بوو، بۆ پتەوکردنەوەی پەیوەندییە سیاسییەکان و تاووتوێکردنی دۆسیە هاوبەشەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق بوو.
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی فیدراڵ و سەرکردە سیاسییەکانی عێراق سەرنج دەخاتە سەر چارەسەرکردنی کێشەکان بەپێی دەستوور و یاسا و رێککەوتنەکان، بەشێوەیەک چارەسەری گونجاو بۆ سەرجەم کێشەکان بدۆزرێتەوە.