سەباح نوعمان: لیژنەی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی کۆرمۆر دەستی بە کارەکانی کردووە

سەباح نوعمان
سەباح نوعمان

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، لیژنەی ئەمنی بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی کوردستان لێکۆڵینەوەی لە هێرشەکەی کۆرمۆر دەستپێکردووە.

سەباح نوعمان، گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بە ماڵپەری کوردستان24ـی راگەیاند، "ئەمڕۆ دووشەممە، 09ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەو لیژنە ئەمنییەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر پێکیهێناوە، دەستی بە کارەکانی کردووە". 

سەباح نوعمان ئاماژەی بەوەش دا، لیژنە ئەمنییەکە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەرپرسانی ئەمنی لە هەرێمی کوردستان، بە وردی لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن و دواتر ئەنجامەکان رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکرێن. 

 

هێرشەکەی سەر کۆرمۆر و وەستانی بەرهەمهێنان

ئەمڕۆ دووشەممە، 09ـی تشرینی دووەمی 2026، کۆمپانیای "دانەگاز"ـی ئیماراتی لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند، شەوی رابردوو (یەکشەممە، 08ـی تشرینی دووەم)، هێرش کراوەتە سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، لە هەرێمی کوردستان، بەو هۆیەوە ئاگرێک کەوتەوە و دواتر کۆنترۆڵ کرا.

کۆمپانیاکە باسی لەوە کردووە، گومان دەکرێت هێرشەکەی سەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان (درۆن) کرابێت. 

کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوە دا، هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی لە نێو کارمەندان لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵام پڕۆسەی بەرهەمهێنان بە راگیراوی دەمێنێتەوە تاوەکو هەڵسەنگاندن بۆ زیانەکان دەکرێت. هەروەها باسی لەوە کردووە، بەردەوامن لە هەماهەنگیی نزیک لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتدارانی حکوومەتی عێراق و رای گشتی لە هەر پێشهاتێکی نوێ ئاگادار دەکەنەوە.

 

کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا

لە لایەکی دیکەوە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی کوردستان24ی راگەیاند، بەهۆی هێرشەکە، پاڵەپەستۆی ناردنی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا لە سەرووی 600 ملیۆن پێ سێجا بۆ سفر دابەزی. 

سەرچاوەکەی وەزارەتی کارەبا روونیکردەوە، ئەم دۆخە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا هەبووە و لە سەرووی 3700 مێگاواتەوە بۆ نزیکەی 1000 مێگاوات دابەزیوە. بەمەش زیاتر لە 2500 بۆ 2700 مێگاوات لە توانای بەرهەمهێنان لەدەستچووە.

ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی ناردنی گاز نییە، پێشبینیش دەکرێت رێژەی پێدانی کارەبای نیشتمانی پێنج بۆ شەش کاتژمێر لە شەو و رۆژێکدا کەم ببێتەوە. رێکخستنەوەی ئەو ماوەیەش بەپێی پارێزگا و ناوچەکان دەبێت. هاوکات تیمی کۆنترۆڵی کارەبا بە درێژایی شەو سەرقاڵی بەڕێوەبردنی دۆخەکە بوون بۆ رێگریکردن لە پەککەوتنی گشتی، لە کاتی گەڕانەوەی گازیشدا دۆخی وێستگەکان قۆناخ بە قۆناخ ئاسایی دەکرێتەوە.

 

گرنگیی کێڵگەی کۆرمۆر

کێڵگەی گازی کۆرمۆر یەکێکە لە گەورەترین و ستراتیژیترین کێڵگەکانی گازی سروشتی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، دەکەوێتە شارۆچکەی قادرکەرەم لە سنووری قەزای چەمچەماڵ. 

کێڵگەکە لەلایەن کۆمپانیای پێرڵ پیترۆلیۆمەوە (کە دانەگاز و کریسێنت پیترۆلیۆم پشکداری سەرەکین تێیدا) بەڕێوەدەبرێت و سەرچاوەی سەرەکییە بۆ دابینکردنی گازی پێویست بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەولێر، چەمچەماڵ و بازیان، هەروەها بڕێکی زۆر لە گازی ماڵان (LPG) بۆ هاووڵاتییان دابین دەکات.

لە ساڵانی رابردوودا ئەم کێڵگەیە چەندین جار بووەتە ئامانجی هێرشی درۆنی و مووشەکی کە زۆرجار گرووپە چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا لە پشتیانەوە بوون. بەهۆی ئەو هێرشانەوە چەندین جار پڕۆسەی بەرهەمهێنانی گاز راگیراوە و سیستەمی کارەبای هەرێمی کوردستان تووشی قەیران بووەتەوە. بەرپرسانی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بەردەوام داوای دابینکردنی سیستەمی بەرگریی ئاسمانی دەکەن بۆ پاراستنی ئەم ژێرخانە هەستیارە لە هەڕەشە ئەمنییەکان.