مەسرور بارزانی و عەلی زەیدی لە بەغدا جەختیان لە چارەسەری بنەڕەتیی کێشەکان کردەوە
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کۆبووەوە؛ لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا بە توندترین شێوە هێرشی سەر کێڵگەی کۆرمۆریان سەرکۆنە کرد و جەختیان لە بەردەوامبوونی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران، پەلەکردن لە دەرکردنی یاسای نەوت و گاز، و جێگیرکردنی پشکی دادپەروەرانەی هەرێم لە بودجەی ساڵی 2027 کردەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، ئەمڕۆ دووشەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان, لە بەغدا لەگەڵ عەلی زەیدی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کۆبووەوە.
لە راگەیەندراوەکدا هاتووە، هەردوولا بە توندترین شێوە هێرشی تیرۆریستی شەوی رابردووی سەر کێڵگەی کۆرمۆریان سەرکۆنە کرد و هاوڕابوون لە سەر کۆتاییهاتنی هێرش و پەلامارەکانی سەر ژێرخانی ئابووری و وزەی هەرێمی کوردستان .
بەگوێرەی راگەیەندراوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ، ئاماژەی بە پلانی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لە ساڵانی داهاتوودا کرد کە تا ساڵی 2030 دەگاتە 7 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە و ساڵی 2032 دەگاتە 10 ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا، بە بەرهەمهێنانی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانەوە، کە دەگاتە نزیکەی یەک ملیۆن بەرمیل لە رۆژێکدا. دووپاتیشی کردەوە کە ئەم زیادبوونە کاریگەریی ئەرێنی لەسەر گەشەپێدان و ئابووری عێراق دەبێت.
ئاماژەشی داوە، لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکاندا، بیروڕا لە بارەی مەفە دەستووریی و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان ئاڵوگۆڕ کرا .
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جەختی لە گرنگیی دابینکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی 2027 کرا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە و لەسەر بنەمای دەستوور و رێزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان .
بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی حکوومەتی هەرێم، لە کۆبوونەوەکەدا ئەم تەوەرانە گفتوگۆیان لەبارەوە کرا :
بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییەکان: گفتوگۆ لەبارەی میکانیزمەکانی بەڕێوەبردن و ڕێکخستنی کێڵگە نەوتییەکان کرا لەسەر بنەمای دەستوور.
داهاتی نەوت و نانەوتی: گفتوگۆ لەبارەی میکانیزمەکانی ڕێکخستنی داهاتی نەوتی و نانەوتی بەڕێوەبردنی کرا بە پێی هاوئاهەنگیی نێوان هەردوو وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان.
مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان: هەردوولا جەختیان لە پێویستیی بەردەوامبوونی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران هەرێمی کوردستان، هاوشانی فەرمانبەرانی عێراق کردەوە.
بودجەی فیدراڵی 2027: پشکی هەرێمی کوردستان و میکانیزمەکانی تەرخانکردنی پشکی هەرێم لە سەر بنەمای دەستوور دەبێت بە شێوەیەک کە لە بەرژەوەندیی هەموو پێکهاتەکانی عێراقدا بێت.
یاسای نەوت و گاز: جەخت لە گرنگی پەلەکردن لە دەرکردنی یاسای نەوت و گاز کرایەوە، بە شێوەیەک کە ببێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی نەوت و رێکخستنی بەڕێوەبردنی سەرچاوە نەوتییەکان.
هەردوولا جەختیان لە گرنگی بەردەوامی هەماهەنگی و هاوکاری هاوبەش و دانوستان و لێکتێگەیشتن کردەوە، وەک بنەمایەک بۆ چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکان، بە شێوەیەک کە خزمەت بە بەرژەوەندی هەموو عێراقییەکان بکات.

