تۆم بەڕاک: مەسرور بارزانی و عەلی زەیدی رۆڵی سەرکردایەتیی لە چارەکردنی کێشەکان دەگێڕن
نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق ستایشی گفتوگۆ راستەوخۆکانی نێوان هەولێر و بەغدای کرد بۆ چارەسەرکردنی پرسە هەڵپەسێردراوەکانی وەک مووچە، هەناردەکردنەوەی نەوت و داهاتەکان، هاوکات پێشوازی لە رۆڵی مەسرور بارزانی و عەلی زەیدی کرد لە بەڕێوەبردنی ئەم لێکتێگەیشتنەدا.
دووشەممە 9ـی تشرینی دووەمی 2026، تۆم بەڕاک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: "گفتوگۆی راستەوخۆی نێوان بەغدا و هەولێر رێگەی دروستە بۆ چارەسەرکردنی پرسە ئاڵۆزەکان، لەوانەش: هەناردەکردنی نەوت، مووچە و داهاتەکان."
نێردەی تایبەتی ئەمریکا ئاماژەی بە هەوڵەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەردوو لا کردووە و نووسیویەتی: " مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەمڕۆ ئەو سەرکردایەتییەیان نیشاندا."
تۆم بەڕاک دووپاتیکردەوە کە واشنتن بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی هەولێر و بەغدا و گوتی: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تەنیشت هەردوولا دەوەستێت لە کاتێکدا پێکەوە کار دەکەن بۆ بنیاتنانی عێراقێکی گەشەسەندوو و خاوەن سەروەری."
ئەمش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ دووشەممە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کۆبووەوە؛ لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا بە توندترین شێوە هێرشی سەر کێڵگەی کۆرمۆریان سەرکۆنە کرد و جەختیان لە بەردەوامبوونی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران، پەلەکردن لە دەرکردنی یاسای نەوت و گاز، و جێگیرکردنی پشکی دادپەروەرانەی هەرێم لە بودجەی ساڵی 2027 کردەوە.