لە هەولێر دوو پڕۆژەی گەورەی ئاوەڕۆ جێبەجێ دەکرێن
لە چوارچێوەی پلانە بەردەوامەکان بۆ رێگریکردن لە ئەگەری دروستبوونی لافاو و کۆبوونەوەی ئاوی زیادە، ئێستا لە هەولێر چەندین پڕۆژەی گەورەی ئاوەڕۆ لە قۆناخی جێبەجێکردندان، کە تەنیا لە دوو گەورەپڕۆژەدا 35 هەزار مەتر ئاوەڕۆی لوولەیی و 6,500 مەتر ئاوەڕۆی سندووقی دروست دەکرێن.
ئەمرۆ سێشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2026، لە راگەیەندراوێکی پارێزگای هەولێردا هاتووە، گوژمەی ئەو دوو پڕۆژەیە لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دابینکراوە و لەژێر سەرپەرشتیی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوەڕۆی هەولێر جێبەجێ دەکرێن.
پڕۆژەی یەکەمیان بریتییە لە دروستکردنی 17 هەزار مەتر ئاوەڕۆی لوولەیی و 2,000 مەتر ئاوەڕۆی سندووقی، ئەوەش لە چوارچێوەی پڕۆژەی پەرەپێدانی شەقامی هەولێر - قوشتەپە.
هاوکات پڕۆژەی دووەم بریتییە لە دروستکردنی زیاتر لە 17 هەزار مەتر ئاوەڕۆی لوولەیی و 4,500 مەتر ئاوەڕۆی سندووقی لە شەقامی 60 مەتری لەنێوان هەردوو شەقامی 120 مەتری و 150 مەتری لە هەولێر.
بە جێبەجێکردنی ئەو 35 هەزار مەتر ئاوەڕۆ لوولەییە و 6,500 مەتر ئاوەڕۆ سندووقییە لەو دوو پڕۆژەیەدا، مەترسیی دروستبوونی لافاو و کۆبوونەوەی ئاوی زیادە لەو ناوچانە بە شێوەیەکی بەرچاو کەم دەبێتەوە.


