ویتکۆف: ئەمریکا و ئۆکرانیا و ئەوروپا گەرەنتی ئەمنی بۆ ئاشتی دادەڕێژن
نێردەی تایبەتی ئەمریکا ئاشکرایکرد، نوێنەرانی ئەمریکا، ئۆکرانیا و هاوبەشە ئەوروپاییەکانیان پێش دەستپێکردنی دانوستانە سێقۆڵییەکان لەگەڵ رووسیا کۆبوونەوە، بە مەبەستی بەردەوامیدان بە هەماهەنگییە چڕەکانیان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و دەستەبەرکردنی ئاشتییەکی بەردەوام.
ئەمڕۆ سێشممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2026، ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە پلاتفۆڕمی ئیکس رایگەیاند؛ پشتیوانیکردن لە گەرەنتییە ئەمنییە بەهێزەکان وەک بەشێکی سەرەکی لە هەر رێککەوتنێکی داهاتوودا جێگیر دەکرێت.
بەشداربووانی کۆبوونەوەکە جەختیانکردەوە، دانوستانەکان بە هاوکاریی نێوان هەرسێ لا بەڕێوەچوون، کە ئەمەش رەنگدانەوەی ئامانجە هاوبەشەکان، راوێژە بەردەوامەکان و پابەندبوونە بە ئاسایشی ئەوروپا-ئەتڵەسی. هەروەها دووپاتیانکردەوە، هەر رێککەوتنێک لە داهاتوودا بێتە ئاراوە، دەبێت رێز لە سەروەری، یەکپارچەیی خاک و سەربەخۆیی بڕیاری ئۆکرانیا بگرێت و گەرەنتی ئەمنیی باوەڕپێکراوی بۆ دەستەبەر بکات.
ئامانجی هاوبەشی لایەنەکان بریتییە لە داڕشتنی چوارچێوەیەکی ئەمنیی پراکتیکی و تەواوکەر، بۆ ئەوەی ئاسایشی درێژخایەنی ئۆکرانیا بەهێز بکرێت و متمانەی پێویست بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی دانوستان بۆکراو فەراهەم ببێت.
لەپاڵ گرنگیدانی سەرەکی بە ئاشتییەکی هەمیشەیی، لە گفتوگۆکاندا تاوتوێی چۆنیەتیی سوودوەرگرتن لە دامەزراوە و رێککەوتنە ئەمنییەکانی ئەوروپا لە قۆناخی دوای جەنگ کرا. نوێنەرانی بەشداربوو روونیکردەوە، چارەسەرکردنی نیگەرانییە ئەمنییەکانی دوای جەنگ و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی پێکدادان پێویستییەکی حەتمییە، هەروەها تاوتوێی دڵنیابوونەوە لە بوونی میکانیزمی بەهێز بۆ بەڕێوەبردنی مەترسی و رێگریکردن لە هەڵکشانی گرژییەکانیان کرد.
هاوکات نوێنەرانی بەشداربوو پابەندبوونی هاوبەشی خۆیان بە تەلارسازی و رێکخستنە ئەمنییە بەهێزەکانی ئەوروپای دوای جەنگ دووپاتکردەوە و بە روونی رایانگەیاند، ناتۆ وەک ناوەندی بەرگریی بەکۆمەڵی ئەوروپا-ئەتڵەسی دەمێنێتەوە.
لە تەواوی پرۆسەی دانوستانەکاندا، ئەمریکا، ئۆکرانیا و هاوبەشە ئەوروپاییەکانیان لە کارکردنی نزیک و هاوبەش بەردەوام دەبن، بە ئامانجی هەنگاونان بەرەو گفتوگۆی فرەلایەنی فراوانتر کە هاوبەشە ئەوروپاییەکان لەخۆبگرێت و ئاشتییەکی گشتگیر و هەمیشەیی بەدیبهێنێت.