بە کورتی | ئەمڕۆ سەرۆکوەزیران چی کرد و چی گوت؟
دوای سەردانە فەرمییەکەی دوێنێی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیران و گەورە بەرپرسانی عێراق؛ ئەمڕۆ سێشەممە، 10ـی تشرینی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەیەکی ستراتیژیی بەسەر کردەوە و بەدواداچوونی بۆ لافاوەکەی چەند رۆژی رابردووی شاری هەولێر کرد.
سەرەتا سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی پڕۆژەی (رێڕەوی ژیان)ـی بەسەر کردەوە کە بە "کۆڕنیشی هەولێر" ناسراوە. سەرۆکی حکوومەت لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ قۆناخەکانی کارکردن لە پڕۆژەکەدا کرد و دەستخۆشی لە ئەندازیار و کرێکاران کرد.
رووبەری پڕۆژەکە نزیکەی 133 هەزار چوارگۆشەیە و پێکهاتووە لە دروستکردنی کەناڵێکی کۆنکریتی شیشدار بە درێژی یەک کیلۆمەتر و بە پێوانەی 14 مەتر پانی لە بنکەی کەناڵەکە و 24.6 مەتر پانی لەسەرەوەی کەناڵەکە و بە قووڵی مەتر مەتر. لەسەر کەناڵەکەش دوو پردی پەڕینەوەی پیادە بە درێژی 32 مەتر پانی 5.9 مەتر دروست دەکرێن، لەگەڵ رێژەیەکی زۆری سەوزای کە بەنزیکەی دەکاتە 40 هەزار مەتر چوارگۆشە.
دواتر سەرۆکوەزیران سەردانی باڵەخانەی پارێزگای هەولێری کرد و لەگەڵ (ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات) کۆبووەوە. لە کۆبوونەوەکەدا، رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ؛ ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی؛ ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و سەرجەم بەڕێوەبەرە گشتییەکانی پارێزگاکە تێیدا بوون.
رێگە بە دەزگاکانی راگەیاندن درا چەند خولەکێکی سەرەتای کۆبوونەوەکە بە شێوەی راستەوخۆ بگوازنەوە؛ تێیدا سەرۆکی حکوومەت باسی هۆکارەکانی لافاوەکەی هەولێر و چەند پرسێکی دیکەی گرنگی کرد.
بەشێکی قسەکانی سەرۆکوەزیران بە کورتی:
- - سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانیانی رووداوی لافاوەکەی هەولێر دەکەم.
- سوپاسی بەشداری و هیمەتی سەرجەم لایەنەکان دەکەم بۆ بەهاناوەچوونی خەڵک.
- دەستخۆشی لە دەزگا ئەمنی و ئیدارییەکان دەکەم، رۆڵی گرنگیان گێڕا لە کەمکردنەوەی زیانەکان.
- بە چاوی خۆم بینیم پێشمەرگە بە جلی سەربازییەوە هاوکاریی لێقەوماوانی دەکرد.
- بەهاناوەچوونی پێشمەرگە نیشانەی پەیوەندییە پتەوەکەیەتی لەگەڵ کۆمەڵگە و خەڵک.
- سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی دەکەم بۆ یارمەتیدانی بەردەوامی خەڵک.
- سوپاسی خێرخوازان دەکەم بەردەوامن لە پێشکەشکردنی یارمەتی.
- هەر زوو داوامان کردووە لێکۆڵینەوە لە هۆکارە سەرەکییەکانی دروستبوونی لافاوەکە بکرێت.
- هەر کەمتەرخەمییەک لەلایەن هەر کەسێکەوە کرابێت، رێکاری پێویستی لەگەڵ دەگیرێتەبەر.
- دەبێت هۆکارەکانی دەرەوەی دەسەڵاتمان دەستنیشان بکەین بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەیان.
- بارینێکی زۆر لە کاتێکی زۆر کورتدا، کە دەبێتە هۆی کارەساتی سروشتی، ئەستەمە کۆنترۆڵ بکرێت.
- شارە گەورەکانی وڵاتانی پێشکەوتووش بەهۆی کارەساتی هاوشێوەوە زیانی گەورەیان بەرکەوتووە.
- کارەساتەکە تا رادەیەکی زۆر دەگەڕێتەوە بۆ هۆکاری سروشتی.
- خۆپارێزی زۆر گرنگە و هاووڵاتییان دەبێت رێنماییەکانی حکوومەت بەهەند وەربگرن.
- نابێت هاووڵاتییان بەبێ گوێدانە رێنماییەکان خۆیان بخەنە مەترسییەوە.
- فریاکەوتن بەبێ پسپۆڕی و شارەزایی، زیان بە کەسەکە و خەڵکی دەوروبەریشی دەگەیەنێت.
- بەشێکی زیانەکان دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ئیمکانیاتی پێویست بۆ خزمەتگوزارییەکان.
- فشارێکی ئابووریی یەکجار زۆر و روون لەسەر حکوومەتی هەرێمی کوردستان دروست بووە.
- نەدانی بودجە و دواکەوتنی مووچە هۆکاری جێبەجێنەکردنی بەشێکی زۆری پرۆژە خزمەتگوزارییەکانن.
- حکوومەت هەمیشە هەوڵی داوە باشترین سوود لە ئیمکانیاتە بەردەستەکان وەربگرێت.
- رێکارەکانی پێشتر گیراونەتەبەر، رێگرییان لە روودانی کارەساتی زۆر گەورەتر کردووە.
- پێشتر لە زۆر شوێن رێڕەوی ئاوەکان پاک کراونەتەوە و ئامادەکاری کرابوو.
- بڕی بارانبارینەکە لە هەندێک شوێنی هەولێر بێپێشینە بووە و پێشتر نەباریوە.
- دەبێت پێداچوونەوە و لێکۆڵینەوەیەکی جدی بۆ هەولێر و هەموو شارەکانی تر بکرێت.
- پێویستە خۆمان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا و رووداوی هاوشێوە ئامادە بکەین.
- دەبێت هەریەک لە حکوومەت، هاووڵاتییان و دەزگا فەرمییەکان ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن.
- فڕێدانی زبڵ و خاشاک بۆ سەر شەقامەکان هۆکارێکی سەرەکیی گرتنی مەنهۆڵەکانە.
- داوا لە هاووڵاتییان دەکەم هاوکاری دەزگا فەرمییەکان بن لە پاک راگرتنی شارەکان.
- لە کاتی دەرچوونی رێنمایی خێرا و بوونی مەترسی، پێویستە خەڵک پابەند بن.
- کۆبوونەوەی خەڵکێکی زۆر لە شوێنی رووداوەکان رێگری لە کاری تیمە پسپۆڕەکان دەکات.
- داواکارم هاووڵاتییان یارمەتیدەر بن بۆ ئەوەی جارێکی تر ئەم جۆرە رووداوانە روونەدەنەوە.
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ (ژووری ئۆپەراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و کارەسات)ـی هەولێر کە چەند کاتژمێرێکی خایاند؛ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی ساز کرد و وەڵامی پرسیارانی رۆژنامەنووسانی دایەوە.
بەشێکی قسەکانی سەرۆکوەزیران بە کورتی:
- ئامانجی ئەم سەردانەمان بۆ ژووری ئۆپەراسیۆن هەڵسەنگاندنی کارەساتە سروشتییەکەی هەولێر بوو.
- لێکۆڵینەوەی زیاتر دەکەین بۆ زانینی هۆکارەکان و ئەگەری بوونی کەمتەرخەمی.
- هەموو توانایەکمان دەخەینەگەڕ بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بە خەڵکی کوردستان.
- جێگەی دڵخۆشییە هەماهەنگییەکی زۆر باش لە نێوان دەزگاکان و هاووڵاتییاندا هەبوو.
- خەڵک و لایەنە پەیوەندیدارەکان بە هانای یەکترەوە چوون بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان.
- سوپاسی دەزگای خێرخوازیی کوردستان فاوەندەیشن و تەواوی خێرخوازان دەکەم.
- پابەندبوونی هاووڵاتییان بە رێنماییەکانەوە سەلامەتیی خۆیان و کەسوکاریان دەپارێزێت.
- هاوکاریکردنی دەزگا پەیوەندیدارەکان پرۆسەی فریاگوزاری و رزگارکردن خێراتر دەکات.
- ئەگەر پێویست بکات، رێکاری نوێتر دەگرینەبەر بۆ رێگریکردن لە مەترسییەکانی لافاو.
- کۆنترۆڵکردنی کارەساتی سروشتی تەنانەت لە وڵاتە پێشکەوتووەکانیش کارێکی قورسە.
- قەیرانی دارایی بەشێکی سەرەکییە لە جێبەجێنەکردنی بەشێکی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانمان.
- فشارێکی زۆرمان لەسەرە، چونکە دەبێت داهاتەکانمان رادەستی بەغدا بکەین بۆ دابینکردنی مووچە.
- دابینکردنی مووچە بەتەنیا بەس نییە بۆ بەڕێوەبردن و پێشکەشکردنی پرۆژەکان.
- پێویستیمان بە بەشەبودجەیەکی گونجاوە بۆ کڕینی ئامێر و دابینکردنی خزمەتگوزاریی پێویست.
- بەڕێوەبردنی شارەکان پێویستی بە رەچاوکردنی باری دارایی سەختی هەرێمی کوردستانە.
- لە بەغدا پێداگریمان لەسەر دەستەبەرکردنی شایستە دارایی و دەستوورییەکانمان کردووە.
- دەمانەوێت خەڵکی ئێمە ئاسوودە بێت و ژیان و بژێوییەکی باشتر بژی.
- بەردەوام دەبین لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانمان و لە خزمەتی خەڵکی خۆماندا دەبین.
- خاوێنکردنەوەی شاری هەولێر دوای کارەساتەکە جێگای دەستخۆشییەکی گەورەیە.
- هەڵسەنگاندنی تەواو و ورد بۆ قەبارەی زیانەکانی لافاوەکە دەکرێت.
- دوای هەڵسەنگاندنەکان، هەوڵ دەدەین قەرەبووی زیانلێکەوتووان بکەینەوە.
- دەرگای حکوومەت کراوەیە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەر لایەنێکی سیاسی ئامادەی گفتوگۆ بێت.
- پەرلەمانی کوردستان پەرلەمانێکی کارایە و گونجاوترین شوێنە بۆ گفتوگۆی لایەنەکان.
- داوا لە لایەنە خەمخۆرەکان دەکەم بێنە پێشەوە بۆ لێکتێگەیشتن و گفتوگۆکردن.
- هەوڵی چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەی بودجە لەگەڵ بەغدا دەدەین.
- پرسی بودجە گرێدراوی داهاتەکانی عێراقە کە تووشی قەیرانێکی ئابووریی زۆر بووە.
- بەغدا بەڵێنی داوە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران مسۆگەر بکات و بەردەوامی پێ بدات.
- لەسەر کێشەکانی دیکەش قسەی جدیمان کردووە و لێکتێگەیشتنی باشمان لەگەڵ بەغدا هەبووە.
- لەگەڵ ئەمریکا و نێردەی تایبەتیی سەرۆکی ئەمریکا قسەمان کردووە لەبارەی کوردستان و عێراق.
- ئەمریکا پشتیوانی لە بوونی هەرێمێکی کوردستانـی سەقامگیر، خۆراگر و بەهێز دەکات.
- بنەمای گفتوگۆکانمان لەگەڵ بەغدا دەستووری عێراقە بۆ چەسپاندنی هەموو مافەکانمان.
- لەگەڵ لایەنی فەرمیی بەغدا هاوڕاین هێرشەکانی سەر کێڵگەی کۆرمۆر نابێت دووبارە ببنەوە.
- لیژنەیەکی هاوبەش چوونەتە کۆرمۆر بۆ لێکۆڵینەوە و ئاشکراکردنی بکەرانی هێرشەکان.
- بەڵێنی دڵخۆشکەرمان لە بەغدا وەرگرتووە لەسەر چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ داهاتی ناوخۆمان.
- پرسی نەوت هێشتا خاڵی ناکۆکی تێدایە و کۆنترۆڵی ناوەندی بە تەواوی رەتدەکەینەوە.