لاڤرۆڤ: رووسیا بەبێ روونکردنەوەی چارەنووسی دوای جەنگ بە هیچ ئاگربەستێک رازی نابێت

وەزیری دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، مۆسکۆ جارێکی دیکە بە هیچ ئاگربەستێک لە ئۆکرانیا رازی نابێت تاوەکو بە تەواوی گەرەنتی ئەوە نەکرێت کە قۆناخی دوای ئاگربەستەکە چی بەدوای خۆیدا دەهێنێت. هاوکات وڵاتانی ئەوروپاشی تۆمەتبار کرد بەوەی دەیانەوێت بە بیانووی ئاگربەست کات بۆ سوپای ئۆکرانیا بکڕن و سەرباز بنێرنە نێو خاکی ئەو وڵاتە.

سێشەممە 10ی تشرینی دووەمی 2026، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی هاوبەشی وەزیرانی دەرەوە و بەرگری و سکرتێرانی ئەنجوومەنی ئاسایشی وڵاتانی ئەندام لە رێکخراوی پەیمانی ئاسایشی بەکۆمەڵ (CSTO) رایگەیاند: "ئێمە بە هیچ ئاگربەست یان هێوربوونەوەیەکی دیکە رازی نابین، بە هەر ناوێکەوە بێت، ئەگەر نەزانین و لێکتێگەیشتنی روون نەبێت کە دواتر چی روودەدات."

وەزیری دەرەوەی رووسیا رەخنەی توندی لە لێدوانەکانی ئۆرسۆلا ڤۆندەرلاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەوروپا گرت و گوتی: "لۆژیکی ئەوروپا هێشتا وەک خۆیەتی؛ دەیانەوێت کات بۆ کیێڤ بکڕن تاوەکو ئەو زیانە سەربازییە گەورانەی بەر سوپاکەی کەوتووە قەرەبووی بکاتەوە، ئێمەش هەرگیز بەمە رازی نابین."

لاڤرۆڤ ئاماژەی بە مانۆڕە سەربازییەکانی نێو خاکی پۆڵەندا کرد و ئاشکرای کرد، نزیکەی 10 بۆ 12 وڵاتی ئەوروپی لە پۆڵەندا دەستیان بە مانۆڕ کردووە بە بەشداریی 2000 سەرباز، سیناریۆی ئەو مانۆڕانەش مەشقکردنە لەسەر جێگیرکردنی "هێزی سەقامگیری" و ناردنی سەربازی ئەوروپی بۆ ئۆکرانیا بە مەبەستی پاراستنی دەسەڵاتدارانی کیێڤ لە رووسیا، هەر کە ئاگربەست کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

سەبارەت بە گفتوگۆکانی ئەبوزەبی، لاڤرۆڤ گوتی، بە پێشنیازی نێوەندگیرانی ئەمەریکی، تەوەرەی سەرەکیی گفتوگۆکان داڕشتنی نەخشەی ئاسایشی داهاتووە بۆ ئۆکرانیا و رووسیا و تەواوی ئەوروپا، کە ئەمەش خاڵە بنەڕەتییەکەیە، لە کاتێکدا برۆکسل و پایتەختەکانی ئەوروپا تەنیا داوای ئاگربەستی دەستبەجێ دەکەن. لەبارەی بەشداریکردنی نوێنەرانی ئەوروپاش لەو کۆبوونەوانە، لاڤرۆڤ گوتی: "نوێنەرانی ئەوروپا چوونەیە ئەبوزەبی، با هەر لەنێو هۆتێلەکانی ئەوێدا دابنیشن."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری دەرەوەی رووسیا روونی کردەوە کە یەریڤان هیچ داواکارییەکی فەرمیی پێشکەش نەکردووە بۆ کشانەوە لە رێکخراوی پەیمانی ئاسایشی بەکۆمەڵ یان یەکێتیی ئابووریی ئۆراسیا.

لاڤرۆڤ جەختی کردەوە، تەنانەت ئەگەر ئەرمینیا بەهۆی نەدانی بەشدارییە داراییەکانی لە مافی دەنگدانیش بێبەش بکرێت، هێشتا مافە بنەڕەتییەکانی لە پەیماننامەکە و مافی ئاسایشی بەکۆمەڵی پارێزراو دەبێت، چونکە دەرگای رێکخراوەکە بە کراوەیی لەبەردەم ئەرمینیادا دەمێنێتەوە و دەرناکرێت.

سەبارەت بە گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لاڤرۆڤ هیوای خواست ئەمەریکا پابەند بێت بە لێدوانەکەی دۆناڵد ترەمپ و پەنا بۆ هیچ بژاردەیەکی سەربازیی دیکە لە دژی ئێران نەبات.