سوپای پاسداران: کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە گەرووی هورمز ئاگری گرت

سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، کەشتییەکی نەوتهەڵگری سەرپێچیکار لە رۆژهەڵاتی گەرووی هورمز بەهۆی بەرکەوتنی بە مینێکی دەریایی ئاگری گرت.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 11ـی تسرینی دووەمی 2026، پەیوەندییە گشتییەکانی هێزی دەریایی سوپای ئێران لە بەیاننامەیەکدا، روونیکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئاگر لە کەشتییەکی نەوتهەڵگری سەرپێچیکار لە ناوچەیەکی نائەمن و قەدەخەکراوی رۆژهەڵاتی گەرووی هورمز کەوتەوە.

هێزی دەریایی سوپای ئێران رایگەیاند، بە وردی چاودێریی رۆژهەڵاتی گەرووی هورمز دەکەن و جەختیشی کردەوە، کۆنترۆڵی تەواویان بەسەر ئەو ناوچە دەریاییە هەستیارەدا هەیە.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، هێزی دەریایی ئێران داوای لە خاوەن کەشتییەکان کرد، بۆ دڵنیابوون لە تێپەڕبوونی سەلامەت لە گەرووی هورمز، هەماهەنگی لەگەڵ هێزە چەکدارەکان بکەن و پابەندی یاساکانی هاتوچۆی دەریایی بن.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، دەستەی ئۆپەراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا رایگەیاند، ئاگادارییان لەبارەی رووداوێکی پەیوەندیدار بە تانکەرێکی نەوت لە گەرووی هورمز پێگەیشتووە.