ئەمڕۆ پارێزگارێکی نوێ بۆ کەرکووک هەڵدەبژێردرێت
بڕیاربوو کاتژمێر 4:00ـی پاشنیوەڕۆی دوێنێ، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبوونەوەیەکی نائاسایی بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێی کەرکووک بەڕێوەببات، بەڵام کاتی کۆبوونەوەکە بۆ کاتژمێر 8:00ـی شەو دواخرا و لە کۆتاییدا بەڕێوەنەچوو.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 12ـی تشرینی دووەمی 2026، هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24 لە کەرکووک رایگەیاند، دواخستنی کۆبوونەوەکەی دوێنێی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک پەیوەست بوو بە ئامادەنەبوونی زۆربەی نوێنەری لایەنە سیاسییەکان کە بۆ رێککەوتن لەسەر بەربژێری بەرەی تورکمانی، قەحتان وەنداوی، لە بەغدا بوون.
دەلۆ روونیکردەوە، ناڕەزایەتی لەسەر ئەو بەربژێرە لەنێو پێکهاتەکانی عەرەب و تورکماندا هەبووە. بەهۆی ئەوەشەوە دوێنێ چەندین کۆبوونەوەی چڕ لە بەغدا بەڕێوەچوون و ئەندامانی ئەنجوومەن و نوێنەری کوتلە سیاسییەکان درەنگ گەڕانەوە، هەر بۆیە کۆبوونەوەکەیان بۆ ئەمڕۆ دواخستووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، ئەمڕۆ کۆبوونەوەکە بەڕێوەدەچێت، هەرچەندە کاتەکەی بە فەرمی دیاری نەکراوە. هەروەها رێککەوتن کراوە قەحتان وەنداوی، کە تاکە بەربژێری بەرەی تورکمانە، ببێتە پارێزگاری کەرکووک.
سەبارەت بە ماوەی بەڕێوەبردنی پۆستەکە، پەیامنێرمان روونیکردەوە، بەرەی تورکمانی داوای کردبوو تا کۆتایی مانگی 3ـی ساڵی داهاتوو لە پۆستەکە بمێننەوە، بەڵام رێککەوتن کراوە ئەو ماوەیە تا سەرەتای ساڵی نوێ بێت، واتە نزیکەی 40 رۆژ بەردەوام بێت و پاشان بەربژێرێکی عەرەب هەڵبژێردرێت، چونکە پۆستەکە بەشێوەی نۆرە دەبێت.
هێمن دەلۆ ئەوەشی خستەڕوو، بەگوێرەی زانیارییەکان ناڕەزایەتییەکانی دوێنێ بەهۆی هەڵوێستی قەیس خەزعەلییەوە بووە. محەمەد حەلبوسی، قەیس خەزعەلی و بافڵ تاڵەبانی کارەکتەری سەرەکی و بڕیاردەری پێکهێنانی ئیدارەی خۆجێی کەرکووک بوون لە رێککەوتنەکەی هۆتێل رەشید.
ئەو گفتوگۆیانەی دوێنێ لە بەغدا چڕ کرابوونەوە بە ئامانجی تێپەڕاندنی ئەو پرسە، بەتایبەت کە فشارێکی زۆر لەسەر شەقامی کەرکووک و سەرۆکوەزیرانی عێراق هەیە بۆ ئەوەی بە زووترین کات رێککەوتن بکرێت و پۆستەکە یەکلایی بکرێتەوە. بەو هۆیەوە ئەگەری زۆرە پۆستی پارێزگار لە بەرژەوەندی بەربژێری بەرەی تورکمانی، قەحتان وەنداوی، یەکلایی بکرێتەوە.