سەدان خێزانی دیکەی ئاوارەی سەرێکانی گەڕانەوە زێدی خۆیان

وێنەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێکانی
وێنەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێکانی

ئەمڕۆ پێنجشەممە، نزیکەی 400 خێزانی ئاوارەی سەرێکانی، کە لە کەمپی واشۆکانی لە حەسەکە دەژیان، لە چوارچێوەی هەشتەمین کارواندا گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.

مەحموود جەمیل، گوتەبێژی لێژنەی ئاوارەکانی سەرێکانی رایگەیاند، دوای تەواوبوونی رێکارە لۆجیستییەکان و هەماهەنگی لەنێوان هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، تیمی سەرۆکایەتی و کۆمیسیۆنی پەنابەران، بەیانی ئەمڕۆ 375 خێزانی ئاوارە لە کەمپی واشۆکانی و چەند شوێنێکی حەوانەوە لە قوتابخانەکان بەڕێکەوتن.

مەحموود جەمیل روونیکردەوە، ئەو خێزانانەی گەڕاونەتەوە، خەڵکی گوندەکانی سەرێکانی، ناوچەی زرکان و گوندەکانی تەل تەمر لە باکووری حەسەکەن.

گوتەبێژی لێژنەی ئاوارەکانی سەرێکانی داوای لە رێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، کار بۆ زیادکردنی ژمارەی خێزانەکان لە هەر کاروانێکدا بکەن و میکانیزمی گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بە شێوەیەکی گونجاو و سەلامەت بۆ ناوچەکانیان لە سەرێکانی و گوندەکان خێرا بکەن.

لە ئابی رابردووەوە تا ئێستا حەوت کاروانی ئاوەرەکانی سەرێکانی گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، کە ژمارەیان زیاتر لە 4100 خێزانە.

بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتی و مافەکانی مرۆڤ، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا، کە لە ساڵی 2019 بە ناوی ئۆپەراسیۆنی ‘کانی ئاشتی’ دەستی پێکرد، بووە هۆی ئاوارەبوونی نزیکەی 300 هەزار کەس لە ناوچەکانی سەرێکانی و گرێ سپی لە رۆژانی سەرەتای هێرشەکەدا.