خەڵاتێکی 20 ملیۆن دۆلاری گرژییەکانی ئەمریکا و ئێران زیاتر دەکات
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕێگەی بەرنامەی "پاداشت بۆ دادپەروەری"، بڕی 20 ملیۆن دۆلار و مافی نیشتەجێکردنی بۆ هەر کەسێک دیاری کردووە کە زانیاری لەسەر بەرنامەی ناوەکیی ئێران و زانایانی وڵاتەکە لەو بوارەدا ئاشکرا بکات، لە بەرامبەریشدا تاران داوای سەرکۆنەکردنی ئەم هەنگاوە لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا هاتووە، هاوکارینەکردنی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بووەتە هۆی لەدەستدانی زانیاریی بەردەوام لەسەر بڕی یۆرانیۆمی پیتێنراو و بەرهەمهێنانی سەنتەرفیوژەکان.
ئەم هەنگاوەی واشنتن کاردانەوەی توندی تارانی بەدوای خۆیدا هێنا و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە نامەیەکدا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، ئەم راگەیەندراوە بە ئاشکرا هاندانی سیخوڕییە و گیانی زانایان و ئاسایشی بنکە ناوەکییەکان دەخاتە مەترسییەوە، داواشی لە ئەنجومەنی ئاسایش کردووە ئەمریکا ناچار بکات بەرپرسیار بێت.
پاداشتە ملیۆنییەکەی واشنتن لە کاتێکدایە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا لە فلۆریدا ڕایگەیاند، لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای بۆشاییی ئاسمانەوە بەوردی چاودێریی بنکەی چیای کوڵەنگ دەکەن و لە ئەگەری پێویستدا لە ماوەی 5 خولەکدا دەیکەنە ئامانج، جەختیشی کردەوە کە ئەوان توانای بینینی هەموو شتێکیان هەیە.
سەبارەت بە هۆکاری پەنابردنی ئەمریکا بۆ کڕینی زانیاری، شارەزایانی سەربازی ئاماژە بەوە دەەن کە وێنەی مانگە دەستکردەکان تەنیا دەروازەی تونێلەکان لە قووڵایی 80 بۆ 137 مەتریی ناو بەردی گرانیت پیشان دەدەن و ناتوانن ناوەوەی تونێلەکان ببینن و لە شوێنی وردی کۆگاکردنی یۆرانیۆمەکە دڵنیا بن.