راپۆرتێکی هەواڵگری عێراق: نەوتی سلێمانی و کەرکووک بۆ ئێران و ئەفغانستان بەقاچاخ دەبردرێت

راپۆرتێکی هەواڵگریی عێراق ئاشکرای دەکات، کە لە سلێمانی و کەرکووک نەوت بەرەو ئێران و لەوێشەوە بۆ ئەفغانستان بەقاچاخبراوە، و پەرلەمانیش لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکدەهێنێت.

بەگوێرەی ئەو بەڵگەنامەیەی کە لە 14 لاپەڕە پێکهاتووە و لەلایەن ئاژانسی هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی عێراقەوە دەرکراوە، بەقاچاخبردنی نەوت چیتر تەنیا لە گواستنەوە و فرۆشتنی نەوتدا کورت نابنەوە، بەڵکو گەشەیان کردووە بۆ چالاکیی گۆڕینی سەرچاوەی بەرهەمە نەوتییەکان و دووبارە ساخکردنەوەیان لە دەرەوەی سیستمی فەرمیی هەناردەکردن.

راپۆرتەکە بە وردی باسی ئەو رێگەیە دەکات کە ناوی لێناوە "رێڕەوی رۆژهەڵات"، کە لە کێڵگەکانی کەرکووک و سلێمانی دەستپێدەکات. بەپێی گێڕانەوەی راپۆرتەکە، پشکە نەوتییەکان بە بەڵگەنامەی فەرمی بۆ چەند شوێنێک لە سلێمانی خەرج دەکرێن، پێش ئەوەی بەشێکیان بگوازرێنەوە بۆ تۆڕەکانی بەقاچاخبردن.

لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا هاتووە، نەوتی خاو و بەرهەمە سەرەتاییەکان لە رێگەی تانکەری بچووک و مامناوەندەوە بەرەو سنوورەکانی ئێران دەگوازرێنەوە، بەتایبەت لە رێگەی دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخان.

دوای گەیشتنی بارەکان بۆ ئێران، نەوتی عێراق لە پاڵاوگە بچووک و مامناوەندەکاندا دەپاڵێورێت، یان لەگەڵ بەرهەمە نەوتییەکانی ئێراندا تێکەڵ دەکرێت. راپۆرتەکە ئەم چالاکییانەی بە هەوڵەکانی خۆدزینەوە لە سزا نێودەوڵەتییەکان بەستووەتەوە و روونیکردەوە، ئەفغانستان وێستگەیەکی سەرەکییە بۆ ئەو بەرهەمە نەوتییانەی دووبارە هەناردە دەکرێنەوە.

بەپێی بەڵگەنامەکە، بارهەڵگرە ئێرانییەکان لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانەوە، لەنێویاندا ماهیرود، دەپەڕنەوە بۆ ئەفغانستان و پاشان بارەکانیان لە کۆگاکانی نزیک هیرات و فەرا دادەبەزێنن.

دوێنێ، هەیبەت حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران لەگەڵ سەرۆکی لیژنە پەرلەمانییەکان کۆبووەوە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی راپۆرتە تەکنیکییە هەواڵگرییەکە سەبارەت بە ئۆپراسیۆنەکانی بەقاچاخبردنی نەوت لە ناوچەی جورفولسەخر، هاوکات لەگەڵ ئەو زانیارییە هەواڵگرییانەی پەیوەستن بە رێڕەوەکانی بەقاچاخبردنی نەوت لە کەرکووک و سلێمانی تا گەیشتن بە ئەفغانستان بە تێپەڕبوون بە خاکی ئێران.

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران لە راگەیاندراوێکدا گوتی، حەلبووسی رێنمایی دا بە پێکهێنانی لیژنەیەکی پەرلەمانیی کاتی بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری و بە ئەندامێتیی سەرۆکی لیژنەکانی دەستپاکی، یاسایی، دارایی، نەوت و گاز و سامانە سروشتییەکان، لەگەڵ لیژنەکانی هەرێم و پارێزگاکان بۆ لێکۆڵینەوە.