بازاڕی پەنیری گیایی وان گەرم دەبێت و کیلۆی بە 800 لیرەیە
پەنیری گیایی وان، یەکێکە لە ناسراوترین بەرهەمە خۆراکی و فۆلکلۆرییەکانی باکووری کوردستان، کە لەگەڵ هاتنی وەرزی سەرما و زستان، بازاڕەکەی دەبووژێتەوە و سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخەکەشی، هێشتا خواستێکی بێوێنەی لەسەرە.
پەنیری شاری وان بە تێکەڵکردنی چەندین جۆری گیای بەهاری و کوێستانی، وەک: سیرک (سیرۆک)، سیابۆ، مەندی، هەلیس، کاتڕ و چەندین جۆری دیکە دروست دەکرێت، کە لە کوێستانە بەرزەکانی کوردستان کۆدەکرێنەوە و تام و بۆنێکی تایبەت بە پەنیرەکە دەبەخشن.
دوای ئامادەکردنی پەنیرەکە و تێکەڵکردنی گیاکان لە رێگەی شێوازی نەریتیی کۆنەوە، دەخرێتە نێو دەفر و مەنجەڵی تایبەت و بۆ ماوەی 6 تا 7 مانگ لە ژێر خاکدا دەشاردرێتەوە. لەو ماوەیەدا پەنیرەکە لە ژێر خاکدا ئاوەکەی لێ دەڕوات، کێشی کەم دەبێتەوە و بە تەواوی بەرکەوت و تامی گیا کوێستانییەکان هەڵدەمژێت.
یونس ئاکچڵگن، کە بازرگان و فرۆشیاری پەنیرە لە شاری وان، دەربارەی جۆرەکانی بەرهەمەکەیان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: "لای ئێمە سێ جۆر پەنیر هەیە؛ یەکەمیان پەنیری تازە (فرێش)، دووەمیان ئەو پەنیرەیە بۆ ماوەی دوو تا سێ مانگ لەناو ئاوی سوێردا دەیهێڵینەوە، سێیەمیشیان پەنیری گیایی ژێرخاکە کە بەناوبانگترینیانە."
ئاماژەی بەوەش کرد: "لە نێو ئەم پەنیرەدا گیاکانی وەک سیرۆک، سیابۆ، مەندی، هەلیس، کاتڕ و چەندین گیای کێوی هەن، کە ئەمانە تامی ڕاستەقینە و ناوازەی پەنیرەکە پێکدەهێنن."
ئەو فرۆشیارەی شاری وان لەبارەی گرنگیی ئەم پەنیرە لە وەرزی زستاندا دەڵێت: "بەتایبەت لە وەرزی زستاندا، دەبێتە یەکێک لە سەرەکیترین و خۆشترین خواردنەکانی سەر سفرەی خەڵک. ڕەنگە نرخەکەی کەمێک گران بێت، بەڵام ئەمە خواستی کڕیارانی کەم نەکردووەتەوە. تەنانەت هەندێک کڕیارمان هەن ئەگەر پەنیری گیایی نەبێت لەسەر سفرە دانانیشن و نان ناخۆن."
دەربارەی نرخەکەشی گوتی: "ئەمساڵ نرخی یەک کیلۆگرام لەم پەنیرە گەیشتووەتە 800 لیرەی تورکی."
پەنیری گیایی وان یەکێک لە سامانە خۆراکییە کولتوورییەکانی کوردستانە، سەرەڕای بەرزبوونەوەی نرخەکەی بۆ 800 لیرەی تورکی، هێشتا وەک پێداویستییەکی سەرەکیی خوان دادەنرێت و لەگەڵ هاتنی وەرزی زستاندا بازاڕەکەی گەرمتر دەبێت.


