فراکسیۆنی پارتی: هەر هەوڵێک رەت دەکەینەوە بیەوێت شنگال بکاتە کارتێکی ململانێ سیاسیەکان

بەبۆنەی 11ـەمین ساڵیادی رزگارکردنی شنگال فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، بە ئەرکی خۆمان دەزانین، و بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان و ناساندنی جینۆساید کردنیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. هاوکات، هەر هەوڵێک رەت دەکەینەوە بیەوێت شنگال بکاتە کارتێکی ململانێ سیاسیەکان، یان کوردانی ئێزدی لە رەگ و ریشە و شوناسی کوردستانییان داببڕێت.

ئەمڕۆ هەینی، 13ـی تشرینی دووەمی 2026،  فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان بەبۆنەی 11ـەمین ساڵیادی رزگارکردنی شنگال پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوە دەکات، گەلی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو برینەیان بە برینی هەموو کوردستان زانی، هەربۆیەشە پاش ساڵێک بەرخۆدان و قوربانیدان و بەدیاری کراوی لە 13ـی تشرینی دووەمی 2026، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە فەرماندەیی راستەوخۆی سەرۆک بارزانی لە بەرەکانی جەنگدا، شنگاڵ و چیای شەنگاڵی ئازیزیان بە خوێنی ئاڵی (500) شەهید و سێ هەزار برینداری پێشمەرگە لە دەستی چەتەکانی داعش رزگار كرد و ئەو بەڵێنەیان بردە سەر کە شنگال بە دیلی نامێنێتەوە.

دەقی راگەیەنراوەکەی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان

“لە ٣ی ئابی ٢٠١٤دا، تیرۆرستانی داعش دڕندانەترین هێرشیان کردە سەر شنگال و خوشک و برا ئێزدیەکانمانیان جینۆساید کرد؛ بە کوشتنی بەکۆمەڵ، ڕفاندن و بەکۆیلەکردنی ژنان و منداڵان و وێرانکردنی پیرۆزییەکانیان، وویستیان بەشێکی ڕەسەنی گەلی کورد لەناو ببەن"

"گەلی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو برینەیان بە برینی هەموو کوردستان زانی، هەربۆیەشە پاش ساڵێک بەرخۆدان و قوربانیدان و بەدیاری کراوی لە ١٣ی نۆڤەمبەری ٢٠١٥دا ، هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە فەرماندەیی ڕاستەوخۆی سەرۆک مەسعود بارزانی لە بەرەکانی جەنگدا، شنگاڵ و چیای شەنگاڵی ئازیزیان بە خوێنی ئاڵی (٥٠٠) شەهید و (٣٠٠٠) برینداری پێشمەرگە لە دەستی چەتەکانی داعش ڕزگار كرد و ئەو بەڵێنەیان بردە سەر کە شنگال بە دیلی نامێنێتەوە". 

"ئێمە لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان شانازی بەو پێشمەرگە قارەمانانەوە دەکەین کە بە خوێنی خۆیان، شانبەشانی برا ئێزدییەکانیان، ئەم لاپەڕە زێڕینەیان لە مێژووی کوردستاندا نووسیەوە. بۆیە داکۆکی کردن لە دۆزی خوشک و برا ئێزدیەکانمان، بە ئەرکی خۆمان دەزانین، و بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان و ناساندنی جینۆساید کردنیان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا. هاوکات، هەر هەوڵێک ڕەت دەکەینەوە کە بیەوێت شنگال بکاتە کارتێکی ململانێ سیاسیەکان، یان کوردانی ئێزدی لە ڕەگ و ڕیشە و شوناسی کوردستانییان داببڕێت".

"جێی ئاماژەیە کە یازدە ساڵ دوای ڕزگارکردنی شنگال، هێشتا ڕێککەوتنامەی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی لەبارەی دۆخی شەنگاڵەوە جێبەجێ نەکراوە. بۆیە داوا لە حکوومەتی فیدراڵی دەکەین بەرپرسیارێتیی خۆی هەڵبگرێت و ڕێککەوتنامەی شنگال بە تەواوی جێبەجێ بکات؛ ئەمەش بە دەرکردنی گرووپە چەکدارە نایاساییەکان لەناوچەکەیان و خولقاندنی کەشێکی ئارام و ئاسایشی وەها تا دانیشتوانەکەی بتوانن خۆیان بریار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن و سەربەرزانە بگەڕێنەوە بۆ سەر زێدی خۆیان، سەرەڕای ئەوەی پێوویستە ناوچەکەیان ئاوەدان بکرێتەوە و قەرەبووی دادپەروەرانەی قوربانیانیان بکرێتەوە، لەکۆتاییدا سەری ڕێز بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدانی قوربانیانی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی و پێشمەرگە قارەمانەکانمان دادەنەوێنین”