راگەیاندنی ئەمنیی عێراق: سێ تیرۆریست لە پردێ کوژران
راگەیاندنی ئەمنی لە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت و گورزێکی ئاسمانیی وردی فڕۆکەوانیی سوپادا لە شارەدێی پردێ، سێ تیرۆریست کوژران و یەکی دیکەشیان دەستگیر کرا.
راگەیاندنی ئەمنی لە نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، کاتژمێر 8ـی ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، 13ـی تشرینی دووەمی 2026، لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی تایبەت و گورزێکی ئاسمانیی وردی فڕۆکەوانیی سوپادا لە شارەدێی پردێ، سێ تیرۆریست کوژراون و یەکێکی دیکەش دەستگیر کرا.
راگەیاندنی ئەمنی جەختی لەوەش کردووەتەوە، ئێستاش هێزە ئەمنییەکان بەردەوامن لە پرۆسەی گەڕان و پشکنینی ورد لە ناوچەکەدا و لە داهاتوودا وردەکاریی زیاتر دەخەنەڕوو.
لە لایەکی دیکەوە، سەبارەت بە دۆخی ئێستای پردێ، هێمن دەلۆ، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند: کە ژیان لە نێو پردێ ئاسایی بووەتەوە، بەڵام دانیشتووانی شارەدێیەکە نیگەرانن لەوەی کە ئەمە چەندین جارە چەکدارانی داعش دەتوانن بە ئاسانی دزە بکەنە نێو ناوچەکەیان.
بە پێی زانیارییەکان، بە دووریی دوو بۆ سێ کیلۆمەتر لە پردێوە بۆشاییەکی ئەمنیی گەورە هەیە کە لە دوای رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە دروست بووە؛ ئەو ناوچەیە بەهۆی بوونی زەویی بەرفراوانی کشتوکاڵی، کۆنترۆڵکردنی ئاسان نییە و زۆرجار چەکدارانی داعش بە مانگ لە نێو پوش و پاوانی زەوییە کشتوکاڵییەکاندا خۆیان دەشارنەوە.
لەوبارەیەوە، چەندین جار جووتیارانی سنوورەکە بە کوردستان24ـیان راگەیاندووە، کە لەگەڵ تاریکبوونی شەودا، بەهۆی مەترسیی هێرش و جووڵەی داعشەوە بە هیچ شێوەیەک ناتوانن سەردانی کێڵگە و زەوییە کشتوکاڵییەکانیان بکەن.
پەیامنێری کوردستان24 جەختی لەوەش کردەوە، کە بەهۆی بوونی ئەو دەیان بۆشاییە ئەمنییەوە کە بوونەتە دەروازەیەک بۆ هاتوچۆی ئاسانی چەکدارانی داعش لە شەواندا، زۆربەی گوندەکانی سنووری پردێ لە دانیشتووانەکەیان چۆڵ کراون؛ بۆیە هاووڵاتییانی سنوورەکە بە یەکدەنگ داوای گەڕانەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەکەن بۆ ناوچەکانیان، تا بتوانن بە سەلامەتی و ئارامی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و زێدی خۆیان.