رێگەی هەولێر - کەرکووک بۆ ماوەیەک داخرا
رێگەی هەولێر - کەرکووک، بەهۆی گومانلێکردن لە بوونی سێ چەکداری داعش لەناو ئۆتۆمبێلێکدا داخرا و هێزێکی ئەمنیی سوپای عێراق بەرەو پردێ بەڕێکەوت، هاوکات فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووکیش گەیشتووەتە ناو پردێ.
هەینی، 13ـی تشرینی دووەمی 2026،سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24، گوتی: هەر ئێستا رێگەی هەولێر - کەرکووک داخرا و هێزێکی سوپای عێراق بە زیاتر لە 10 هەمەری سەربازییەوە بەرەو پردێ بەڕێکەوتووە.
هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد، بەڕێکەوتنی هێزێکی سوپای عێراق بەرەو پردێ بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە گومان لە ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکاپ دەکرێت کە سێ چەکداری داعشی تێدا بێت و هاووڵاتییانیش بینویانە و هەواڵیان بە هێزە ئەمنییەکان داوە.
سۆران کامەران زانیاریی زیاتری خستەڕوو و گوتی: فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک خۆی گەیشتووەتە ناو پردێ؛ ئێستا دەروازەی چوونەژوورەوە بۆ پردێ و دەرچوونیش لە پردێ داخراوە.
باسی لەوەش کرد، ئەو سێ چەکدارەی داعش کە هاووڵاتییان بینویانە، گومان دەکرێت پشتێنەی بۆمبڕێژکراویان پێ بێت، هەروەها ئێستا هێلیکۆپتەریش بەسەر ناوچەکەدا دەسووڕێتەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، کە لە ماوەکانی رابردوودا، چەند جارێک لەو سنوورە چەکدارانی داعش چالاکییان ئەنجام داوە و هاووڵاتی کوردیان رفاندووە.