هێڵی ئاسمانیی عێراقی گەشتەکانی لە هەولێر و سلێمانییەوە بۆ دوبەی دەستپێدەکاتەوە

هێڵی ئاسمانیی عێراقی رایگەیاند: لە رۆژانی 26 و 27ـی ئەم مانگەوە گەشتە ئاسمانییە راستەوخۆکانی لە هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانییەوە بەرەو شاری دوبەی دەستپێدەکاتەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانەکانی بۆ کاراکردنەوەی وێستگە دەرەکییەکان و خستنەڕووی نرخی کێبڕکێکارانە بۆ بلیتی گەشتەکان.

هەینی، 13ـی تشرینی دووەمی 2026. مستەفا تاڵب، بەڕێوەبەری گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراقی، لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە رۆژانی 26 و 27ـی ئەم مانگەوە گەشتە ئاسمانییە راستەوخۆکان لە هەردوو فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانییەوە بەرەو شاری دوبەی دەست پێدەکەنەوە.

هاوکات روونی کردەوە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی راسپاردەکانی وەزیری گواستنەوەدا دێت بۆ کاراکردنەوەی وێستگە دەرەکییەکانی هێڵی نیشتمانی و فراوانکردنی بژاردەکانی گەشتکردن لە بەردەم گەشتیاراندا.

بەڕێوەبەری گشتیی هێڵی ئاسمانیی عێراقی، جەختیشی کردەوە کە یەکەمین گەشت لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بەرەو دوبەی لە رۆژی 26ـی مانگ دەستپێدەکات، هەروەها رۆژی 27ـی مانگ وادەی ئەنجامدانی یەکەمین گەشت دەبێت لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانییەوە.

ئاماژەی بەوەش دا، کارگێڕیی کۆمپانیاکە کار لەسەر رێکخستنی خشتەی گەشتەکان دەکات بە شێوەیەک کە وەڵامدەرەوەی داواکارییەکانی جووڵەی گەشتکردن بێت و پێداویستییەکانی گەشتیاران پڕ بکاتەوە، هاوشان لەگەڵ خستنەڕووی نرخی کێبڕکێکارانە بۆ بلیتی گەشتەکان.

لای خۆیەوە ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند: هێڵی ئاسمانیی فڵای دوبەی رۆژانە دوو گەشتی لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە بۆ دوبەی هەیە و هێڵی ئاسمانیی ئێر عەرەبییەش رۆژانە گەشتێک لە پایتەختی هەرێمەوە بەرەو شاری شاریقەی ئیمارات ئەنجام دەدات؛ واتە رۆژانە سێ گەشتمان لە رێگەی ئەو دوو هێڵە ئاسمانییەوە بۆ ئیمارات هەیە.

هاوکات باسی لەوەش کرد، بە گەڕانەوەی گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراقی لە هەولێرەوە بۆ دوبەی، بە دڵنیاییەوە کێبڕکێ لە نرخەکاندا دروست دەبێت، بە جۆرێک نرخی گەشتی هێڵە ئاسمانییەکانی دیکەش کە لە هەولێرەوە گەشتیان بەرەو دوبەی هەیە، دادەبەزێت. 

ئەمەش لە کاتێکدایە، گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراقی بۆ دوبەی و زۆربەی ناوچەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە سەرەتای شەڕ و ئاڵۆزییە ناوچەییەکانی ئەمساڵەوە بەهۆی داخستنی کایەی ئاسمانی و سنووردارکردنی گەشتەکانەوە راگیرابوون.