دوای راگرتنی هەزاران گەشتی ئاسمانی لە ئەمریکا ئەمڕۆ گەشتەکان دەستیان پێکردەوە

ئاژانسی فیدراڵیی فڕۆکەوانیی ئەمریکا (FAA) بڕیاری راگرتنی هەستانی فڕۆکەکانی لە سەرانسەری ئەمریکا هەڵگرت و رێگەی بە دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییە ناوخۆییەکان دا، 

 بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، 14ـی تشرینی دووەمی 2026، شۆن دوفی، وەزیری گواستنەوەی ئەمریکا رایگەیاند، کۆنیی تەکنەلۆژیای کۆنترۆڵی هاتوچۆی ئاسمانی و بارگرانیی داتا لەسەر ئامێرەکانی ئاراستەکردنی تۆڕ، هۆکاری سەرەکیی کێشەکە بوو کە ئاژانسەکەی ناچار کرد لەپێناو پاراستنی سەلامەتیدا، هەستانی فڕۆکەکان رابگرێت.

ئاژانسەکە بە کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکانی راگەیاند، پێدەچێت کێشەکە سەرەتا لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی میدوەی لە شیکاگۆ دەستی پێکردبێت و دواتر بۆ سەرانسەری وڵاتەکە تەشەنەی سەندبێت.

وەزیری گواستنەوە هۆشداریدا، ئەگەر سیستەمەکە نوێ نەکرێتەوە، پچڕانی زیاتر لە هاتوچۆی ئاسمانیدا روودەدات، هەر بۆیە داوای لە کۆنگرێس کرد بودجەی پێویست بۆ چاکسازی و نوێکردنەوەی ژێرخانی کۆنترۆڵی فڕین تەرخان بکات. روونیکردەوە، گەڕانەوەی گەشتەکان بۆ دۆخی ئاسایی بە هێواشی دەبێت.

لەلایەکی دیکەوە، مارک وەین مۆلین، وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا رایگەیاند، زیادکردنی تەکنەلۆژیای نوێ بۆ ژێرخانێکی کۆن، بارگرانییەکی لە توانابەدەری بۆ سیستەمەکە دروستکردووە و چارەسەرکردنی کێشەکە پێویستی بە نوێکردنەوەی تەواوەتیی سیستەمەکە هەیە، کە تێچووەکەی بە نزیکەی 50 ملیار دۆلاری ئەمریکی مەزەندە دەکرێت.

لەبارەی ئەگەری هێرشی سایبەری، مۆلین ئاشکرایکرد، هیچ بەڵگەیەک نەدۆزراوەتەوە کە ئەو ئەگەرە پشتڕاست بکاتەوە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و رووداوەکەش هیچ پەیوەندییەکی بە کێشەکەی ئەم هەفتەیەی مایکرۆسۆفتەوە نییە.

بەپێی داتاکانی دامەزراوەی "فڵایت ئێر"، نزیکەی 15 هەزار گەشتی ئاسمانی لە رۆژی هەینیدا دواخران یان هەڵوەشێنرانەوە، هاوکات زیاتر لە 700 گەشتی ئەمڕۆ شەممەش لە ناوخۆدا و بەرەو ئەمریکا یان لە ئەمریکاوە هەڵوەشێنراونەتەوە. کۆمپانیای داتای فڕینی "سیریەم" مەزەندەی کردووە نزیکەی یەک ملیۆن و نیو گەشتیار بەهۆی پەکیەکەوتنی گەشتە ئاسمانییەکانەوە گەشتەکانیان دواکەوتووە و لە فڕۆکەخانەکاندا گیریان خواردووە.

لە کاتی دەرچوونی بڕیاری راگرتنەکەدا، زیاتر لە 3,500 فڕۆکە لە ئاسماندا بوون؛ بڕیارەکە رێگری لە فڕینی فڕۆکەکان لە فڕۆکەخانەکانەوە دەکرد، بەڵام ئەو فڕۆکانەی پێشتر لە ئاسماندا بوون، بەردەوام بوون لە نیشتنەوە.

سەرەڕای هەڵگرتنی بڕیارەکەش، فڕۆکەخانەکان داوا لە گەشتیاران دەکەن، پێش بەڕێکەوتنیان بۆ فڕۆکەخانە، لە رێگەی کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکانیانەوە لە دۆخی گەشتەکانیان دڵنیا ببنەوە.