دانیشتووانی پردێ داوای گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە دەکەن
شەوی رابردوو، بەهۆی چوونی هێزێکی زۆری ئەمنی بۆ پردێ و رووبەڕووبوونەوەیان لەگەڵ چەکدارانی داعش، دۆخی ئەمنیی ناوچەکە شڵەژا. لەو چوارچێوەیەدا هاووڵاتییانی شارەدێکە داوا دەکەن هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە سنوورەکەیان بۆ ئەوەی سەر و ماڵی دانیشتووانەکەی بپارێزێت.
هاووڵاتییەکی پردێ لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 گوتی: "هەموو رێگەوبانەکانی پردێیان گرتووە و هیچ کەس بۆی نییە هاتوچۆ بکات، هەموو کۆڵانەکانی شارەدێکەش سوپای عێراق گرتوویەتی و کەس بۆی نییە لە ماڵەکانیان بێنە دەرەوە. بارودۆخەکە زۆر خراپە و لە دڵەڕاوکێیەکی زۆردایین، بە ترسەوە لە ماڵەکانمان دێینە دەرەوە، شەوان ئەگەر دوا بکەوین دێنە گیانمان و کەڵکی ئەوەی نییە شەوان لە دەرەوە بین."
هاووڵاتییەکی دیکەی شارەدێکە باسی لەوە کرد، پردێ پڕ بووە لە بیانی، کەس نازانێت کێن و لە کوێوە هاتوون.
لەلایەکی دیکەوە، دانیشتوویەکی دیکەی ناوچەکە گوتی: "بارودۆخەکە هیچ باش نییە و بۆشایی ئەمنی هەیە، داوا دەکەین هێزی پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عێراق ئەو بۆشاییە ئەمنییە پڕ بکەنەوە، چونکە ئەمە ژیان نییە خەڵکی پردێ تێیدایە، زۆربەی گوندەکانیش بەهۆی ئەو بۆشاییە ئەمنییە و دۆخی مەترسیداری ناوچەکەوە چۆڵکراون."
هەروا هاووڵاتییەکی دیکەی پردێ روونیکردەوە: "بارودۆخەکە زۆر مەترسیدارە و هیچ باش نییە، هیوادارین هێزی پێشمەرگە بگەڕێتەوە بۆ ئێرە، چونکە سوپای عێراق شارەزایی لەم ناوچەیەدا نییە و بۆشایی ئەمنیی زۆریش هەیە."