242 ساڵ بەسەر دامەزراندنی سلێمانیدا تێدەپەڕێت
ئەمڕۆ شەممە 14ـی تشرینی دووەم، 242 ساڵ بەسەر دامەزراندنی سلێمانیدا تێدەپەڕێت و ساڵانە لە 14ـی تشرینی دووەمدا، ئەم یادە بە چەندین چالاکیی کولتووری، هونەری و رۆشنبیری دەکرێتەوە.
هاوژین جەمال، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، هەر لە سەرلەبەیانییەوە تا درەنگانی شەو چەندین چالاکیی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچن. هاوکات بڕیارە کاتژمێر 12:00، لە حەوشەی سەرا کۆمەڵەی هونەری میللیی کوردستان بە هاوبەشی لەگەڵ چەندین رێکخراوی دیکە، چالاکیی هەڵپەڕکێی کوردی، فێستیڤاڵی خواردن، کاری دەستی و نمایشکردنی جلوبەرگی کوردەواریی تایبەت بە سلێمانی پێشکەش بکەن.
ئاماژەی بەوەش دا، هەر لە حەوشەی سەرا چالاکییەکی دیکە بەڕێوەدەچێت کە تێیدا تابلۆ و وێنەی کەسایەتییە بەناوبانگەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی نمایش دەکرێن، کە لەلایەن هونەرمەندێکەوە کێشراون، بەوەش ئەمڕۆ بۆ خەڵکی سلێمانی دەبێتە رۆژێکی پڕ لە چالاکی.
پەیامنێری کوردستان24 گوتیشی "ئامادەکاریی تەواو کراوە و هێزە ئەمنییەکانیش بڵاوەیان پێکراوە، بۆ ئەوەی قەرەباڵخی لەلایەن شۆفێران و هاووڵاتییانەوە دروست نەبێت".
شاری سلێمانی لە 14ـی تشرینی دووەمی 1784 لەلایەن "ئیبراھیم پاشای بابان"ـەوە دروست کراوە، ئیبراھیم پاشا شارەکەی بە ناوی باوکییەوە "سلێمان پاشا" ناوناوە. سلێمانی جگە لەوەی پایتەختی میرنشینی بابان بووە، لە ھەمان کاتدا مەڵبەندێکی بازرگانی و رۆشنبیری ناوچەکەش بوو.
لە ساڵانی 1922 تا 1924 شاری سلێمانی پایتەختی دەوڵەتەکەی مەلیک مەحموود بووە، شاری سلێمانی جگە لەوەی لانکەی رۆشنبیر و تێکۆشەران بووە، مەڵبەندی ھەڵگیرسانی چەندان شۆڕش و راپەڕینیش بووە لە مێژووی کوردستاندا.
بەپێی رۆژنامەی ژین لە ساڵی 1955 پانی رووی شاری سلێمانی 20 ملیۆن و 250 ھەزار مەتر بووە و ژمارەی دانیشتووانی گەشتووەتە نزیکەی 60 ھەزار کەس و نزیکەی 7 ھەزار خانووی تیادا بووە، کە لە شەش گەڕەکی سەرەکی پێکھاتبوو، ئەوانیش (کانی ئاسکان، گۆیژە، مەڵکەنی، سەرشەقام، چوارباخ، دەرگەزێن).