کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ دەستیپێکرد
کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ دەستیپێکرد.
سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە ئامادەبوونی 15 ئەندام لە کۆی 16 ئەندام دەستیپێکرد.
پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوەش کرد، کۆبوونەوەکە لە دوو بڕگە پێکدێت؛ پەسەندکردنی دەستلەکارکێشانەوەی محەممەد سەمعان، پارێزگاری ئێستای کەرکووک و هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ.
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، رێککەوتن لە نێوان لایەنە سیاسییەکان کراوە بۆ هەڵبژاردنی قەحتان وەنداوی، کاندیدی بەرەی تورکمانی بۆ پۆستی پارێزگاری نوێی کەرکووک.
شێخ زاهر عاسی، ئەندامی فراکسیۆنی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، رێککەوتن هەیە و گەرەنتییان پێ دراوە، لە 01-01-2027ـەوە پۆستی پارێزگار بە پێکهاتەی عەرەبی بدرێت، واتا پارێزگای نوێی تورکمان تا سەری ساڵ دەستبەکاردەبێت و دواتر دەستلەکاردەکێشێتەوە.
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 16 کورسی پێک دێت، لە هەڵبژاردنی 18ی کانوونی یەکەمی 2023دا، لایەنە کوردییەکان حەوت کورسی (پێنج یەکێتی و دوو پارتی)، پێکهاتەی عەرەب شەش کورسی، بەرەی تورکمانی دوو کورسی و پێکهاتەی کریستیان یەک کورسییان بەدەست هێنا.
بە گوێرەی رێککەوتنی دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان لایەنەکاندا لە ساڵی 2024، پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە خولی بەڕێوە دەبرێت، سەرەتا رێبوار تەها لە ئابی 2024ـەوە تا نیسانی 2026 بۆ ماوەی 20 مانگ پارێزگار بوو، پاشان لە نیسانی 2026 پۆستەکە درایە پێکهاتەی تورکمان و محەممەد سەمعان وەک پارێزگار هەڵبژێردرا.
دوای ئەوەی لە 15ی تشرینی یەکەمی 2026 محەممەد سەمعان ئاغا وەک وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە کابینەی حکوومەتی عێراقدا سوێندی یاسایی خوارد، پۆستی پارێزگار بەتاڵ بوو و رێبوار تەها وەک کاربەڕێکەر کاروبارەکانی بەڕێوە برد. هەرچەندە بڕیار بوو لە 11ی تشرینی دووەمی 2026 دانیشتنی هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ بکرێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانەوە دواخرا.
بەپێی رێککەوتنەکان، پارێزگاری نوێی تورکمان تا کۆتایی ئەمساڵ دەمێنێتەوە و لە کانوونی دووەمی 2027دا پۆستەکە رادەستی پێکهاتەی عەرەب دەکرێت.