پارێزگاری نوێی کەرکووک هەڵبژێردرا
پارێزگاری نوێی کەرکووک هەڵبژێردرا و تا سەری ساڵ لە پۆستەکەیدا دەمێنێتەوە.
سۆران کامەران، پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، ئەمڕۆ شەممە، 14ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک قەحتان وەنداوی، کاندیدی بەرەی تورکمانی وەک پارێزگاری نوێ هەڵبژارد.
پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوەش کرد، لە کۆی 15 ئەندامی ئەنجوومەنی ئامادەبوو، 14 ئەندام بە بەڵێ دەنگیان بە وەنداوی دابوو و دەنگێکیش پووچەڵ بوو.
حەسەن مەجید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، دەنگدانەکە لە پرۆسەیەکی دیموکراسی و بێکێشەدا بەڕێوەچوو، چونکە پێشتر رێککەوتنی هەموو لایەنە سیاسییەکان لەسەر هەڵبژاردنی وەنداوی وەک پارێزگاری نوێی کەرکووک کرابوو.
حەسەن مەجید گوتی، "ئێستا کەرکووک دوای 30 رۆژ لە هەبوونی بۆشاریی کارگێڕیی و ئەمنی، پارێزگاری هەیە. ئێمەش وەک پارتی دیموکراتی کوردستان، هەمیشە بڕیارەکانمان لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کەرکووک و کوردستان بووە، بۆیە بە پێویستیمان زانی دەنگ بە پارێزگاری نوێ بدەین".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی جەختی کردەوە، چاودێرێکی زۆر باشی کارەکانی حکوومەتی خۆجێیی کەرکووک دەبن و بە تایبەت بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی بۆ شارەکە.
لە لایەکی دیکەوە، شێخ زاهر عاسی، ئەندامی فراکسیۆنی عەرەبی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە پەیامنێری کوردستان24ـی راگەیاند، رێککەوتن هەیە و گەرەنتییان پێ دراوە، لە 01-01-2027ـەوە پۆستی پارێزگار بە پێکهاتەی عەرەبی بدرێت، واتا پارێزگای نوێی تورکمان تا سەری ساڵ دەستبەکاردەبێت و دواتر دەستلەکاردەکێشێتەوە.
ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە 16 کورسی پێک دێت، لە هەڵبژاردنی 18ی کانوونی یەکەمی 2023دا، لایەنە کوردییەکان حەوت کورسی (پێنج یەکێتی و دوو پارتی)، پێکهاتەی عەرەب شەش کورسی، بەرەی تورکمانی دوو کورسی و پێکهاتەی کریستیان یەک کورسییان بەدەست هێنا.
بە گوێرەی رێککەوتنی دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان لایەنەکاندا لە ساڵی 2024، پۆستی پارێزگاری کەرکووک بە خولی بەڕێوە دەبرێت، سەرەتا رێبوار تەها لە ئابی 2024ـەوە تا نیسانی 2026 بۆ ماوەی 20 مانگ پارێزگار بوو، پاشان لە نیسانی 2026 پۆستەکە درایە پێکهاتەی تورکمان و محەممەد سەمعان وەک پارێزگار هەڵبژێردرا.
دوای ئەوەی لە 15ی تشرینی یەکەمی 2026 محەممەد سەمعان ئاغا وەک وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری پێکهاتەکان لە کابینەی حکوومەتی عێراقدا سوێندی یاسایی خوارد، پۆستی پارێزگار بەتاڵ بوو و رێبوار تەها وەک کاربەڕێکەر کاروبارەکانی بەڕێوە برد. هەرچەندە بڕیار بوو لە 11ی تشرینی دووەمی 2026 دانیشتنی هەڵبژاردنی پارێزگاری نوێ بکرێت، بەڵام بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانەوە دواخرا.