دادگای وان سزای نزیکەی 20 ساڵ زیندانی بۆ هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانیی هەکاری دەرکرد
دادگای تاوانی دووی هەرێمی وان، سزای 19 ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردنی بۆ محەمەد سدیق ئاکیش، هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانیی جۆلەمێرگ پەسەند کرد، کە پێشتر لە پۆستەکەی دوورخرابووەوە و قەیوم لە شوێنەکەی دانرابوو.
دادگاکە هاوکات بڕیاری بەردەوامبوونی دەستبەسەرکردنی ئاکیشی دەرکرد، کە بە تۆمەتی "بەڕێوەبەری رێکخستن" بەسەریدا سەپێنرابوو، لە هەمان کاتیشدا سزای نۆ تۆمەتبارەکەی دیکەی هەمان دۆسیەی پەسەند کرد.
بەگوێرەی بڕیارەکەی دادگا، سزای هەشت ساڵ و نۆ مانگ زیندانیکردن بۆ عیزەت بەلگە، حیفزوڵڵا کانسو، قەدرییە ئیلباش، میکائیل ئاتان، سەیهان شاهین و فاروق یەڵدز پەسەند کرا، کە پێشتر لەلایەن دادگای یەکەمی تاوانەکانی جۆلەمێرگ بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە رێکخستن" دەرکرابوو.
هەروەها سزای شەش ساڵ و سێ مانگ زیندانیکردن بۆ تاهیر کۆچ، حوسنا ساغن و حەمدییە چیفتچی ئۆکسوز، پەیامنێری پێشووی ئاژانسی DİHA، کە پێشتر بە بڕیاری حکوومەت داخرابوو، یەکلایی بووەوە.
دادگای پێداچوونەوە روونیکردەوە، دادگای پلە یەک بەڵگەکانی بە شێوەیەکی یاسایی هەڵسەنگاندووە و بەگوێرەی سروشتی تاوانەکە بڕیاری دروستی داوە، هەربۆیە سەرجەم داواکارییەکانی پێداچوونەوەی رەتکردەوە.
دادگاکە سەبارەت بە بەردەوامبوونی دەستبەسەرکردنی ئاکیش، هۆکارەکەی بۆ بوونی گومانی بەهێز لە ئەنجامدانی تاوان، دۆخی بەڵگەکان و ئەگەری هەڵاتن بەهۆی زۆریی سزاکەیەوە گەڕاندەوە. لە بڕیارەکەشدا هاتووە کە رێوشوێنی کۆنترۆڵی دادوەری بەس نییە و دەستبەسەرکردنەکەش لەگەڵ ماددەکانی 5 و 6ـی رێککەوتننامەی مافەکانی مرۆڤی ئەوروپا دەگونجێت.
ئاکیش 3ـی حوزەیرانی 2024 لە چوارچێوەی دۆسیەیەکدا دەستگیر کرا کە ساڵی 2014 دەستی پێکردبوو، دواتریش 5ـی حوزەیرانی هەمان ساڵ سزای 19 ساڵ و شەش مانگ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێنرا و وەزارەتی ناوخۆی تورکیا قەیومی بۆ شارەوانیی هەکاری دانا.
دادگای پێداچوونەوەی وان پێشتر بڕیارەکەی بەهۆی کێشە لە وەرگێڕانی قسەکانی بە زمانی کوردی، رووننەکردنەوەی پەیوەندیی ئۆرگانی لەگەڵ رێکخستنەکە، سنووردارکردنی مافی بەرگری و نەبوونی زانیاری لەسەر گوێگرتن لە پەیوەندییەکان هەڵوەشاندبووەوە، بەڵام دوای ئەوەی دادگای یەکەمی تاوانەکانی جۆلەمێرگ لە دادگاییکردنەوەی دووبارەدا هەمان سزای دەرکردەوە، دۆسیەکە جارێکی دیکە رەوانەی دادگای پێداچوونەوە کرایەوە.