محەمەد حاجی مەحموود: سەرۆک بارزانی ئەرکێکی قورسی لەسەر شانە

سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا کە بە بۆنەی کۆتاییهاتنی پرسەی دایکیەوە سازی کردبوو، پشتیوانیی خۆی بۆ بانگەوازەکەی سەرۆک بارزانی بۆ تەبایی و یەکڕیزیی نێوخۆیی دووپات کردەوە و رایگەیاند کە سەرۆک بارزانی ئەرکێکی قورسی لەسەر شانە و خەڵکی کوردستان و ناوەندە نێودەوڵەتییەکانیش چاوەڕوانیی گەورەیان لێی هەیە بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە وڵاتدا.

شەممە 14ـی تشرینی دووەمی 2026، محەمەد حاجی مەحموود، سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد، بانگەوازەکەی سەرۆک بارزانی بە هەنگاوێکی زۆر باش و گرنگ دەزانن و هیوادارن ئەو هەوڵانە بەردەوام بن و زیاتریش پەرەیان پێ بدرێت.

محەمەد حاجی مەحموود گوتی، سەرۆک بارزانی کەسایەتییەکی دیار و گەورەی کوردستان و جیهانە، و ئێستا ئەرکێکی قورسی نیشتمانیی لەسەر شانە، چونکە تەواوی خەڵکی کوردستان و دنیای دەرەوەش چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەکەن کە رۆڵی مێژوویی خۆی بگێڕێت تاوەکو ئاشتی و ئارامی لە هەرێمی کوردستاندا بچەسپێت.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، محەمەد حاجی مەحموود بە توندی دژایەتیی خۆی بۆ هەر بیرۆکەیەکی دووئیدارەیی یان دابەشبوونی هەرێمی کوردستان دەربڕی و جەختی کردەوە؛ ئێمە هەمیشە داوای یەکپارچەیی چوار پارچەی کوردستان دەکەین، کەواتە چۆن دەکرێت ئەم بەشەی کوردستان کە یەکپارچەیە بکرێتە دوو لەت؟ ئەمە لەگەڵ هیچ عەقڵ و لۆژیکێکدا یەک ناگرێتەوە و بە هیچ جۆرێک قبووڵکراو نییە.

سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات داوای لە سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەکان کرد کە لەم قۆناخەدا هەست بە بەرپرسیارێتی بکەن، بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک دوو لایەنی حوکمڕانی هەرێم، کە پێویستە زیاتر لە هەر لایەنێکی دیکە هەست بەم ئەرکە قورسە بکەن، چونکە سەرجەم قورساییەکان لەسەر شانی ئەوانە و ئەوان بەرپرسیارن بەرامبەر بە میللەتێکی شەش بۆ حەوت ملیۆنی لە هەرێمی کوردستاندا.

محەمەد حاجی مەحموود هیواخوازیی خۆی پێشان دا کە هەردوو لایەنی سەرەکی لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و بەرقەرارکردنی ئارامیدا هەنگاو بنێن و بگەنە ئەنجامێکی باش بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشە هەڵپەسێردراوەکان، بە شێوازێک کە ئاسۆی داهاتووی هەرێمی کوردستان بەرەو سەقامگیریی زیاتر ببات.