کاروان ستوونی: هاووڵاتییان با چاوکراوە بن و بزانن گەشتی عومرە لەگەڵ کێ دەکەن

"سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی زۆر بە گرنگییەوە لە پرۆسەی حەج و عومرە دەڕوانێت"

کاروان ستوونی، گوتەبێژی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان
کاروان ستوونی، گوتەبێژی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان

گوتەبێژی فەرمیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: بەڕێوەبەرایەتییەکەیان ئاگاداری مامەڵەکردنە بە دۆلاری عومرەکارانەوە و پێشتریش لیژنەی فەتوا گومانی حەڵاڵ و حەرامی لەسەر ئەو جۆرە مامەڵانە خستووەتە روو؛ هۆشداریشی دایە هاووڵاتییان کە تەنیا لە رێگەی کۆمپانیا مۆڵەتپێدراو و خاوەن گرێبەستە فەرمییەکانەوە گەشت بکەن.

شەممە، 14ـی تشرینی دووەمی 2026، کاروان ستوونی، گوتەبێژی فەرمیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی کوردستان24 گوتی: هۆکاری ئەنجامدانی زۆربەی گەشتەکانی عومرە لە فڕۆکەخانەی کەرکووکەوە، تەنیا دەگەڕێتەوە بۆ پێدانی ئەو سێ هەزار دۆلارەی بە نرخی فەرمی لەوێ دەدرێت و لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی نادرێت.

ستوونی روونی کردەوە، کە چەندین جار داوایان کردووە و دەنگی خۆیان گەیاندووەتە بەغدا و، پێشتریش بڕیار بوو لە هەولێر و سلێمانیش دۆلار بە نرخی فەرمی بدرێت، تەنانەت ئامادەکاریش دەستیپێکردبوو بۆ دانانی کابینە و ئەنجامدانی مامەڵەکان، بەڵام تا ئێستا دەستیپێنەکردووە.

هاوکات جەختی کردەوە، ئێستاش گەشتی عومرە لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانیش ئەنجام دەدرێت بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت بە شێوەیەکی حەڵاڵ گەشت بکەن بەبێ ئەوەی تووشی مامەڵەی دۆلار گۆڕینەوە و ئەو بابەتانە ببن.

گوتەبێژی حەج و عومرە پێی وایە ناچارکردنی هاووڵاتییەک بۆ ئەوەی لە زاخۆوە بچێتە کەرکووک لەپێناو وەرگرتنی دۆلاردا، "غەدرێکە پێشتر لە خەڵکی ئێمە کراوە"، هەورەها هەنگاوی جیددی نراوە بۆ ئەوەی دووبارە دۆلار بە نرخی فەرمی بە گەشتیارانی هەرێمی کوردستان بدرێت لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی.

روونیشی کردەوە، ئەم پرسە تەنیا بەشی عومرە ناگرێتەوە، بەڵکو پەیوەستە بە هەموو گەشتیارە ئاساییەکانیشەوە؛ چونکە ئەگەر رۆژانە فڕۆکەیەک بۆ سعوودیە هەبێت، ئەوا دە فڕۆکەی گەشتی دیکە بۆ وڵاتانی دیکە هەیە. بۆیە داوای لە تیمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا و پەرلەمانتارانی کورد وەک نوێنەرانی خەڵک کرد کە زیاتر پێداگری لەسەر ئەم مافە بکەن و بەدواداچوون بکەن بۆ ئەوەی بزانن پرۆسەی پێدانی دۆلارەکە بە نرخی فەرمی بە کوێ گەیشتووە و کەی دەست پێدەکات؛ بیریشی هێنایەوە کە خۆی لە چاوپێکەوتنەکانیدا یەکەم کەس بووە باسی ئەم کێشەیەی کردووە، لە کاتێکدا ئەوانەی گەشتی وڵاتانی وەک تورکیا دەکەن قسەیان لەسەر نەکردووە.


مامەڵەی دۆلاری عومرەکاران و بۆچوونی لیژنەی فەتوا

سەبارەت بە سکاڵای گەشتیاران لەسەر ئەوەی کۆمپانیاکان پشکی دۆلارەکە بۆ خۆیان دەبەن و رۆژێک پێش گەشتەکە عومرەکاران بۆ چەندین کاتژمێر لە نووسینگەکاندا ماندوو دەکەن، کاروان ستوونی دانی بەوەدا نا، ئەوان ئاگاداری ئەم دۆخەن و پێیان خۆشە خەڵک لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانەوە گەشت بکەن نەک فڕۆکەخانەکانی دیکە.

ئاشکراشی کرد، پێشتر لیژنەی فەتوا لە رووی شەرعییەوە قسەی لەسەر هەندێک لەو مامەڵانە کردووە و بەڕێوەبەرایەتییەکەشیان تێبینیی لەسەر بابەتەکە هەبووە؛ چونکە ئەگەری هەیە ئەو پارەگۆڕینەوەیە گومانی حەڵاڵ و حەڕامی تێ بکەوێت و ناڕوونییەک لە مامەڵەکەدا دیارە، هەر بۆیە هەموو خەڵک ئامادە نییە بەو شێوەیە عومرە بکات.

ستوونی ئاماژەی بەوەش کرد، کاتێک گەشتیاران لە سنووری هەرێمی کوردستان دەچنە دەرەوە، بەشێکی خودی هاووڵاتییان خۆشیان تێیدا خەتابارن؛ چونکە کاتێک مرۆڤ دەچێتە عومرە دەبێت بە پارەیەکی حەڵاڵ بچێت نەک پارەیەکی شوبهە و گوماناوی.

نموونەی بەوە هێنایەوە کە ئەگەر نرخی گەشتی عومرە بە 600 دۆلار بێت، هەندێک کەس دەڵێن دەیانەوێت بە پارەیەکی کەمتر گەشت بکەن، بۆیە بە کۆمپانیا دەڵێن قازانجی دۆلارەکە کە بە نرخی فەرمی وەریدەگرن بۆ خۆت بگێڕەوە و لە بری 600 دۆلار، بۆ نموونە 400 دۆلارت پێ دەدەم؛ بەمەش مامەڵەیەک لە نێوان خودی عومرەکارەکە و کۆمپانیاکەدا دەکرێت و لایەنی بەڕێوەبەرایەتیی تێدا نییە.

 

مەرجی تۆمارکردنی سکاڵا و دڵنیایی لە گرێبەستە فەرمییەکان

گوتەبێژی حەج و عومرە روونی کردەوە، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بە بەردەوامی چاودێریی کۆمپانیاکان دەکات، بەڵام لەسەر ئەو مامەڵەی نێوان گەشتیار و کۆمپانیاکان، تا ئێستا هیچ کەسێک نەهاتووە سکاڵای فەرمی لای ئەوان تۆمار بکات تا بەدواداچوونی بۆ بکەن.

جەختیشی کردەوە، کە بەبێ بوونی بەڵگەی بەردەست و داواکارییەکی نووسراو، بە قسەی زارەکی ناتوانرێت رێکار بگیرێتە بەر؛ دەبێت سکاڵاکار بە داواکارییەک ناوی کۆمپانیاکە بنووسێت و روونی بکاتەوە چی بەرامبەر کراوە، دواتریش لە کاتی بانگهێشتکردنیدا لە بەردەم لیژنەدا ئامادە بێت، نەک ئەوەی ئامادە نەبێت بۆ بەدواداچوون یان لە نێوان خۆیاندا جۆرێک لە سوڵح بکەن و خەتا بخەنە سەر بەڕێوەبەرایەتییەکە.

کاروان ستوونی دووپاتی کردەوە، هەر کەسێک غەدری لێ کرابێت یان سکاڵایەکی هەبێت، دەتوانێت پەیوەندی بە هێڵی گەرمی بەڕێوەبەرایەتییەکەوە (07505953534) بکات کە لەسەر بەرنامەی واتسئەپ کارایە و، ئەوانیش رێکار بەرامبەر سەرپێچیکاران دەگرنە بەر.

هاوکات رێنمایی هاووڵاتییانی کرد کە دەبێت لە رێگەی کۆمپانیا فەرمییەکانەوە گەشت بکەن و پێشتر بەدواداچوون بکەن لەوەی ئایا کۆمپانیاکە مۆڵەتی هەیە یان نا.

روونیشی کردەوە، کە دەبێت عومرەکار داوا لە کۆمپانیاکە بکات گرێبەستی فەرمی بەڕێوەبەرایەتییەکەی نیشان بدات و گوتی: ئەگەر گرێبەستەکەی نیشان نەدا بزانە ساختەیە؛ چونکە ئێمە بۆ هەموو کۆمپانیا مۆڵەتپێدراوەکان گرێبەستمان کردووە و وەک بارمتە پارەمان لێ وەرگرتوون، تا لە هەر حاڵەتێکدا کە کێشە بۆ هاووڵاتییەک دروست بوو، لەو پارەیە وەری بگرینەوە و مافەکەی بۆ بگەڕێنینەوە. بەڵام ئەگەر هاووڵاتییان لە رێگەی دەڵاڵ و کەسانی دیکەوە گەشت بکەن، ئەوا هیچ گەرەنتییەک نییە و خۆیان بەرپرسیار دەبن.

 

بایەخی حکوومەت و هۆشداری لە پەیجە ساختەکان

کاروان ستوونی جەختی کردەوە، کە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان و خودی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، زۆر بە گرنگییەوە لە پرۆسەی حەج و عومرە دەڕوانن و هەموو ساڵێک بایەخێکی زۆر بە هەردوو بواری حەج و عومرە دەدرێت و، هەر کەسێکیش مافی خورابێت ئەوان بەدواداچوونی بۆ دەکەن.

هەروەها داوای لە هاووڵاتییان کرد چاوکراوە و ئاگادار بن کە لە رابردوودا چەندین جار لە رێگەی گەشتەکانی عومرەوە فێڵ لە خەڵک کراوە و پارەیان خوراوە، تەنانەت پارە بە کۆمپانیایەک دراوە کە هەر بوونی نەبووە.
 
هۆشداریشی دا کە هاووڵاتییان بڕوا بە هەموو بابەتەکانی سۆشیاڵ میدیا نەکەن و بزانن گەشت لەگەڵ کێ دەکەن. سەبارەت بەو پەیجانەی فێڵ لە خەڵک دەکەن، ئاماژەی بەوە دا، کە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان رێکاری پێویستی گرتووەتە بەر، بەڵام زۆرجار ئەو پەیجانە لە دەرەوەی سنووری هەرێمی کوردستانەوە ئاراستە دەکرێن و لە سعوودیە، یان لە شارەکانی دیکەی عێراقەوە سپۆنسەر دەکرێن، هەر بۆیە داوای کرد هاووڵاتییان لە بوونی هەر سکاڵایەکدا بەڕێوەبەرایەتییەکەیان ئاگادار بکەنەوە.