بەقایی: لێدوانەکانی روبیۆ دانپێدانانی ئاشکران بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بە توندی وەڵامی لێدوانەکانی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای دایەوە لەبارەی گەمارۆدان و برسیکردنی گەلی ئێران، و لێدوانەکانی ناوبراوی بە دانپێدانانێکی ئاشکرا بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ و تیرۆری ئابووری لە دژی وڵاتەکەی ناوبرد.
شەممە 14ـی تشرینی دووەمی 2026، ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس"، رەخنەی لە قسەیەکی مارکۆ روبیۆ گرت کە لەبارەی گەمارۆکانی سەر ئێران گوتبووی "لە کۆتاییدا دەبێت هەر نان بخۆن"، و گوتی، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە شێوەیەکی ئاشکرا و بێشەرمانە لە رێگەی گەمارۆی ئابووری و دەریاییەوە هەڕەشەی برسیکردنی گەلی ئێران دەکات.
بەقایی جەختی کردەوە کە ئەم لێدوانە دانپێدانانێکی نوێیە بەوەی واشنتن لە چوارچێوەی جەنگە دەستدرێژیکارانەکەیدا تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات و پەرە بە تیرۆری ئابووری دەدات.
بەقایی ئاماژەی بەوەش کرد، دوای دەیان ساڵ لە هەڕەشە، سزا و دەستدرێژیکاریی بێئاکام، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەردەوامە لە دووبارەکردنەوەی هەمان هەڵەکانی رابردووی و تەنیا ناوەکانیان دەگۆڕێت. هەروەها سیاسەتی واشنتنی بە پێناسەی باربارا تاچمان، مێژوونووسی ئەمریکی بۆ "رێپێوانی گێلایەتی" چواند، کە تێیدا حکوومەتێک پێداگری لەسەر هەنگاوێکی کارەساتبار دەکات و ئامادە نییە وانە لە شکستەکانی وەربگرێت و لەگەڵ هەر شکستێکیشدا زیاتر دەچێتە نێو هەڵەکانییەوە.
ئەم کاردانەوە توندەی تاران دوای ئەوە هات کە مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە گوتارێکدا لە میانی کۆبوونەوەی ساڵانەی یاساناسانی "کۆمەڵەی فیدراڵیست" لە واشنتن، ئێرانی وەک سەرچاوەی سەرەکیی سەرجەم نائارامی و ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ساڵی 1979ەوە ناوبرد.
روبیۆ رایگەیاندبوو، ئامانجی سەرەکیی واشنتن رێگریکردنە لە دەستڕاگەیشتنی تاران بە چەکی ئەتۆمی، و پێناسەی سەرکەوتن لەم رووبەڕووبوونەوەیەدا تەنیا ئەوەیە دڵنیا ببنەوە کە ئێران هەرگیز نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، چونکە چەکداربوونی تاران هاوکێشەی ناوچەکە بە شێوەیەکی بنەڕەتی تێکدەدات.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە درێژەی گوتارەکەیدا، تاران و میلیشیا نزیکەکانی لە یەمەن، عێراق، سووریا و لوبنان بە تێکدانی سەقامگیریی وڵاتانی ناوچەکە تۆمەتبار کرد و گوتی، لە مێژووی مرۆڤایەتیدا هیچ دەوڵەتێک هێندەی دەسەڵاتدارانی ئێران پارەی بۆ پشتیوانیکردنی گرووپە توندڕەوەکان تەرخان نەکردووە.
هاوکات روبیۆ بەرگریی لە بەردەوامیی رۆڵی چالاکانەی ئەمریکا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی کرد و گوتی، هەرچەندە ئیدارەکەیان باوەڕی بە دروشمی "ئەمریکا یەکەم" هەیە، بەڵام ناکرێت لە رووداوە جیهانییەکان بکشێنەوە، چونکە نائارامییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان راستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر ئاسایشی نەتەوەیی و ئابووریی ئەمریکا دەبێت، بۆیە واشنتن لە گرتنەبەری هەر رێکارێکی پێویست لە دژی تاران بەردەوام دەبێت.