ئێران بنکەیەکی ئەمریکای لە بەحرەین بۆردومان کرد

فەرماندەیی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، بە شەش فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بنکەیەکی ئەمریکایان لە بەحرەین کردووەتە ئامانج، ئاماژەی بەوەش دا، دەبێت ئەمریکا تێبگات هەر دەستدرێژییەک وەڵامێکی سەخت و بەهێزی دەبێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026، ئاژانسی هەواڵی مێهر بڵاویکردەوە، پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە قۆناخی دووەمی وەڵامی یەکلاکەرەوە بۆ دەستدرێژیی ئەمریکا، راداری سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئەو وڵاتە لە بنکەی رەفاعی هێلیکۆپتەرەکان لە بەحرەین بە شەش فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێزی ئاسمانی کراوەتە ئامانج.

لە راگەیەندراوەکەدا روونکراوەتەوە، دەنگی پێکان و وردیی ئامانجگرتنی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانە لە ناوچە جیاجیاکانی بەحرەین بیستراوە. ئەمە توانای ئۆپەراسیۆنیی سوپای پاسداران دەردەخات.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەمریکا دوای شکستەکەی لە بەرنامەی هاوکاریی کەشتییەکان، کە بە پاساوی قاچاخچێتیی نەوت لە رێگەی گەرووی هورمزەوە دەیکات، ئێستا هەوڵ دەدات لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی سنووردار و هەڕەمەکییەوە سەرنجی جیهان لە راستیی داخستنی ئەم رێڕەوە ئاوییە گرنگە لابدات.

سوپای پاسداران رایانگەیاند، گەرووی هورمز داخراوە و هەر دەستدرێژییەکی ئەمریکا رووبەڕووی وەڵامێکی توندتر و بەهێزتر دەبێتەوە.

ئاشکراشیکرد، فڕۆکە بێفڕۆکەوانە گرانبەهاکانی ئەمریکا یەک لەدوای یەک دەکەونە خوارەوە. هەروەها ژمارەی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی سوپای پاسداران، کە لەم قۆناخەدا ئاراستەی ئامانجەکانی ئەمریکا کراون، لە ژمارەی قۆناخی پێشوو زیاترە و هۆشداریشی دا هەر دەستدرێژییەک رووبەڕووی وەڵامێکی بەهێز و هەژمارکراو دەبێتەوە.