بەئامادەبوونی مەسرور بارزانی قۆناخی دووەمی پشتێنەی سەوزایی هەولێر دەستپێدەکات
بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قۆناخی دووەمی پشتێنەیی سەوزایی هەولێر دەستپێدەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 15ـی تشرینی دووەمی 2026، لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی کونسوڵی یونان قۆناخی دووەمی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر لە گوندی گەزەنە (رێگەی سەرەکی هەولێر - دهۆک) و لە سێبیران لەسەر رێگەی (هەولێر - خەبات) دەستپێدەکات.
لەم قۆناخەدا، رووبەری 11 هەزار دۆنم سەوز دەکرێت و سێ پوند بۆ ئاودێری لەخۆ دەگرێت و دار زەیتوون دەچێنرێت و کار بۆ دروستکردنی کارگەیەکی زەیتی زەیتوون دەکرێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دڵنیایی داوە کە لەم قۆناخەشدا وەک قۆناخی پێشوو، مافی جووتیاران و خاوەن زەوییەکان دەپارێزرێت و قەرەبوو دەکرێنەوە. ئەم پڕۆژەیە لەلایەن کۆمپانیای خۆماڵی (دۆسکی هۆڵدینگ)ـەوە جێبەجێ دەکرێت.
قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە لە 30ی تشرینی یەکەمی 2025، جێبەجێ کرابوو و نزیکەی 700 هەزار دار چێندران و قۆناخەکەی بە سەرکەوتوویی تەواوبوو، بڕیارە لە قۆناخی دووەمدا نزیکەی یەک ملیۆن و 800 هەزار دار کە تەواوی نەمامەکانیان لە یونانەوە دەکرێن، بچێنرێن.
پشتێنەی سەوزی هەولێر بە شێوەیەکی بازنەیی بە چواردەوری شاری هەولێردا و لە دوای شەقامی خێرای 150 مەترییەوە جێبەجێ دەکرێت، پانییەکەشی دوو کیلۆمەترە و بە گشتی نزیکەی حەوت ملیۆن داری تێیدا دەچێنرێت. ئامانجی سەرەکیی ئەم پڕۆژەیە وەک قەڵغانێکی سروشتی و سی بۆ شاری هەولێر، پاراستنی ژینگە، زیادکردنی رووبەری سەوزایی دەبێت، ئەمەش هەنگاوێکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا.