ئیسرائیل سەرکردەیەکی دیاری کەتائیبی قەسامی کوشت

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکدا فەرماندەیەکی باڵای سەربازیی حەماسیان کردووەتە ئامانج. لە بەرامبەردا، بزووتنەوەی حەماس مردنی یەکێک لە سەركردە دیارەکانی راگەیاند.

لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانیی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەناراوەکانی خان یونس لە کەرتی غەززە، فەرماندەیەکی باڵای سەربازیی بزووتنەوەی حەماس کوژرا، و لایەنی ئیسرائیلیش جەخت لەوە دەکاتەوە کە سیاسەتی هێرشبەری بەردەوام دەبێت.

 سەمیر مەحموود ئەبو یونس، کە ناسراوە بە (ئەبو مەحموود) و وەک ئەندامی ئەنجوومەنی سەربازی و فەرماندەی نوێی "لیوای رەفەح" لە کەتائیبی عیزەدین قەسام کاری دەکرد، لە ئەنجامی بۆردومانێکی ئاسمانی بۆ سەر خێوەتێک لە ناوچەی مەواسی لە خان یونس کوژرا.

سوپای ئیسرائیل و دەزگای هەواڵگری گشتی (شاباک) لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا ئاشکرایان کرد کە هێرشێکیان بۆ سەر "فەرماندەیەکی دیار" ئەنجام داوە و وردەکاریی زیاتر لە داهاتوودا بڵاو دەکەنەوە. میدیاکانی ئیسرائیل ئاماژەیان بەوە کرد کە هێرشەکە لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجام دراوە و چوار مووشەک ئاراستەی شوێنی مەبەست کراون.

لای خۆیەوە، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ییسرائیل کاتس لە لێدوانێکدا رایگەیاند: "سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بەئامانجگرتنی سەرکردەکانی حەماس لە غەززە"، و جەختی کردەوە کە سیاسەتی هێرشبەرانە تاوەکو چۆڵکردنی غەززە لە چەک بەردەوام دەبێت.

دواتر بزووتنەوەی حەماس لە راگەیەندراوێکدا کوژرانی ئەم فەرماندەیەی پشتڕاست کردەوە و سەرەخۆشیی خۆی راگەیاند.