قالیباف: لە دۆخی نە شەڕ و نە ئاشتیـدا نامێنینەوە

محەمەد باقر قالیباف
محەمەد باقر قالیباف

 سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، لە دۆخی نە شەڕ و نە ئاشتیدا نامێننەوە و بە هیچ شێوەیەک بەلایانەوە گرنگ نییە ئەمریکا دەیەوێت دانوستان بکات یان شەڕ.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ـی تشرینی دووەمی 2026، محەممەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە دانیشتنی پەرلەماندا رایگەیاند، وڵاتەکەی لە دۆخی نە شەڕ و نە ئاشتیدا نامێنێتەوە و بۆ تاران گرنگ نییە ئەمریکا خوازیاری دانوستانە یان شەڕ.

قالیباف لەبارەی پەردەلادان لەسەر شارێکی نوێی مووشەکی رایگەیاند: "ئەمە دەستکەوتێکی بەنرخە کە لە کاتی جەنگ و لەژێر ئاگری دوژمندا دروستکراوە." سەرۆکی پەرلەمانی ئێران جەختیکردەوە، ئەم دەستکەوتە تەنیا تەکنیکی و بەرگری نییە، بەڵکو هێمای گۆڕانی هاوکێشە ستراتیژییەکانی ناوچەکەیە.

سەرۆکی پەرلەمان روونیکردەوە، هێزی ئاسمانیی سوپا تێکەڵەیەکە لە ئەزموونی گەنجانی دەیەی 40 و باوەڕی گەنجانی دەیەکانی 60 و 70؛ دامەزراوەیەک کە بە پشتبەستن بە دروشمی قورئانیی «وَ لَکِنَّ اللهَ رَمی» ئەستەمەکانی تێپەڕاندووە. قالیباف گوتیشی: "ئەم هێزە خەوی لە چاوی ئیسرائیل زەوتکردووە و هیوای بە گەلی خۆڕاگری ئێران، گەلانی ئازادیخواز و بەتایبەت منداڵانی ستەمدیدەی فەڵەستین بەخشیوە."

سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکا، قالیباف رایگەیاند، لە سایەی دەستکەوتەکانی هێزە چەکدارەکان، چیتر لە دۆخی "نە جەنگ، نە ئاشتی" نامێننەوە. قالیباف ئەوەشی خستەڕوو: "ئەگەر 7 مەرجە لۆژیکییەکەمان قبووڵ بکەن، رێگەی رێککەوتن کراوەیە، بەڵام ئەگەر ئەمریکییەکان ئەمجارە هەڵەیەک بکەن، جوگرافیای جەنگ، توان و ئیرادەی هێزە چەکدارەکانی ئێران دیاری دەکات، نەک خواستی ئەوان و دووکەڵی جەنگێکی نوێ بەر چاوی زۆر کەس دەکەوێت."

سەرۆکی پەرلەمان لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا، رەخنەی لە وەزیری گەنجینەی ئەمریکا گرت و گوتی: "ئەو کەسەی بەهۆی ترسی هەڕەشەکانەوە لە ماڵەکەیەوە بۆ پەناگەی سەربازی هەڵاتووە، باشترە لەبری سووکایەتیکردن بە گەلان، بە شکستە ستراتیژییەکانی لە کەنداو بیر بکاتەوە."

قالیباف جەختیکردەوە، سەرەکیترین جەنگی وڵاتەکەی لە پاڵ مەیدانی سەربازی، مەیدانی بەرهەمهێنان و بژێوی خەڵکە. سەرۆکی پەرلەمان گوتی: "هەڵاوسان، بێکاری و ناجێگیریی نرخ بە وتار و بڕیارنامە چارەسەر نابن. پاراستنی تەواوەتیی بژێوی ئەو خەڵکەی زیاتر لە 8 مانگە بەرامبەر گەورەترین جەنگەکانی مێژوو خۆڕاگری دەکەن، کەمترین ئەرکی ئێمەی بەرپرسانە."

سەرۆکی پەرلەمان داوای لە لێژنەکانی پیشەسازی، کانزا، یاسایی و ئابووری کرد راپۆرتێکی چاودێری لەسەر دەستنیشانکردنی کەمتەرخەمانی نەبوونی چاودێری بەسەر نرخەکان و بازاڕدا ئامادە بکەن.

سەبارەت بە پرسی سووتەمەنیش، قالیباف گوتی: "بەنزین و ناتەواویی وزە بابەتێکی تەکنیکی و نیشتمانییە کە بە بیری بەکۆمەڵ و کاری پسپۆڕانە چارەسەر دەبێت. هەر بڕیارێک لەم بوارەدا دەبێت بە رەزامەندیی گشتی و بە جۆرێک بێت کەمترین گوشار بۆ سەر خەڵک دروست بکات."

لە کۆتاییدا، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران پرسە و سەرەخۆشیی خۆی بۆ قوربانییانی رووداوی هاتوچۆ لە ئیلام و گیانلەدەستدانی هاووڵاتییان دەربڕی.