بەڵێن عەبدوڵڵا: کێشە ناوخۆییەکان بە دابەشكردنی کوردستان چارەسەر ناکرێن

بەڵێن عەبدوڵڵا، سیاسەتمەدار و سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان
بەڵێن عەبدوڵڵا، سیاسەتمەدار و سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان

سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان رایدەگەیەنێت، بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ دابەشکردنی هەرێمی کوردستاندا نین و کێشە ناوخۆییەکانیش لە رێگەی دابەشبوونەوە چارەسەر ناکرێن، بەڵکوو پێویستە لایەنە سیاسییەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ بگەنە لێکتێگەیشتنی هاوبەش.

ئەمڕۆ دووشەممە، 16ی تشرینی دووەمی 2026، بەڵێن عەبدوڵڵا، سیاسەتمەدار و سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لە میانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر 09:00 بەیانیی کوردستان24، رایگەیاند، بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ دابەشکردنی هەرێمی کوردستاندا نین، لەبەر ئەوەی ئەم قەوارەیە بە خوێنی شەهیدان و ماڵوێرانییەکی زۆر هاتووەتە دی و پێویستە هەموو لایەک دەستی پێوە بگرن.

بەڵێن عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوە دا، هەرێمی کوردستان ماوەیەکی زۆرە دووچاری لێکترازان و چەقبەستووییەکی سیاسیی بووەتەوە و ناکۆکییەکان توندن، لە ماوەی دوو ساڵی رابردووشدا وەک پارتەکەیان و لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی دیکە هەوڵێکی زۆریان داوە کوردستان لەو چەقبەستووییە دەرباز بکەن تا سەرنەکێشێت بۆ دۆخێکی نەخوازراو. 

روونیشی کردەوە، کێشەکان هەرچەندە گەورە بن، چارەسەریان بە دابەشبوونی هەرێمی کوردستان ناکرێت، بەڵکوو لەسەر مێزی گفتوگۆ، بە لێکتێگەیشتن و نەرمینواندن بەرانبەر یەکتر دەکرێت و هێشتا کات ماوە و درەنگ نییە.

سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو، هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەو دۆخە سیاسییەی لە ناوچەکەدا دروست بووە و ئەو گوشارانەی لە لایەن بەغداوە لە پرسی بودجە و پێشمەرگەدا دەخرێنە سەر هەرێم، لە بارودۆخێکی خراپدایە. 

گوتیشی، سەرکێشیکردن بۆ دابەشکردنی هەرێمی کوردستان کارەساتێکی خراپی لێ دەکەوێتەوە و کەس قازانجی لێ ناکات، هاوکات دانیشتووانی هەولێر، دهۆک، سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین هەرگیز ئاواتی ئەوە ناخوازن هەرێمی کوردستان دووچاری لەتبوون ببێت، بەڵکوو هەمووان لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەکانن لەسەر مێزی گفتوگۆ.

بەڵێن عەبدوڵڵا باسی لە ئەزموونی رابردوو کرد و ئاماژەی بەوە کرد، شەڕی ناوخۆ زیانێکی زۆری بە خۆیان، بە هەرێم و بە دانیشتووانی کوردستان گەیاند، بەڵام دواجار لەسەر مێزی گفتوگۆ رێککەوتنی ستراتیجی کرا، پەرلەمان کارا کرایەوە و کارگێڕی یەکخرایەوە.

هۆشداریشی دا، قۆناخی ئێستا زۆر هەستیارترە و دۆخی ناوچەکە و عێراق مەترسیدارە، لەبەر ئەوەی لە بەغدا سیاسەتێک پەیڕەو دەکرێت پابەندی دەستوور نابن بەرانبەر هەرێم و خۆیان لە جێبەجێکردنی مافە دەستوورییەکان دەدزنەوە، ئەمەش پرسی سەرەکیی هاووڵاتییانی کوردستانە نەک کێشە ناوخۆییەکان.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سکرتێری حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان جەختی کردەوە، ئەم وڵاتە تەنیا هی پارتی و یەکێتی نییە و بەرپرسیارێتیی ئەم قۆناغەش تەنیا لە ئەستۆی ئەواندا نییە، بۆیە دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەکان بەشدار بن لە پرۆسەی سیاسیدا. بیریشی خستەوە، نزیکەی سێ مانگ بەر لە ئێستا سەردانی لایەنە سیاسییەکانیان کردووە و لەگەڵ مامۆستا سەڵاحەدین، مامۆستا عەلی باپیر، حزبی شیوعی، سۆسیالیست، گۆڕان و زۆربەی پارتەکانی دیکە گفتوگۆیان کردووە لەسەر ئەوەی هەرێمی کوردستان بەرگەی ئەم لێکترازان و چەقبەستووییە سیاسییە ناگرێت.

بەڵێن عەبدوڵڵا داوای لە لایەنە سیاسییەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی کرد، بەیەکەوە پڕۆژەیەکی کۆنکرێتیی نیشتمانی پێشکەش بکەن و بیخەنە بەردەم پارتی و یەکێتی تا ببنە بەشێک لە چارەسەر نەک تەماشاکەر، بۆ ئەوەی کێشەکان تەنیا لە نێوان ئەو دوو پارتەدا کورت نەکرێنەوە. دووپاتیشی کردەوە، پێویستە کێشە ناوخۆییەکان بە دەستی خۆیان چارەسەر بکەن و چاوەڕوانی بەغدا یان لایەنی دەرەکی نەبن، لەبەر ئەوەی هیچ کام لەو لایەنانەی پەنایان بۆ دەبرێت نایانەوێت هەرێمی کوردستان خاوەنی قەوارەیەکی یەکگرتوو و حکوومەتێکی کارا و رێکوپێک بێت.

لە 20ی تشرینی یەکەمی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو و تێیدا پارتی دیموکراتی کوردستان 39 کورسی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 23 کورسی و جووڵانەوەی نەوەی نوێ 15 کورسییان لە کۆی 100 کورسیی پەرلەمان بەدەستهێنا. سەرەڕای دانوستانەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، نزیکەی دوو ساڵە کابینەی نوێی حکوومەت پێکنەهێنراوە. 

رۆژی رۆژی 4ـی تشرینی دووەمی 2026 و دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە 20ـی تشرینی یەکەمی 2024، دانیشتنی تەواوکاریی یەکەمی پەرلەمان بە ئامادەبوونی 52 پەرلەمانتار بەڕێوەچوو.

 لەو دانیشتنەدا بە سەرۆکایەتیی بەتەمەنترین پەرلەمانتاری ئامادەبوو، دەستەی سەرۆکایەتیی نوێی پەرلەمان هەڵبژێردرا و هەریەک لە ڤاڵا فەرید بە سەرۆکی پەرلەمان، رامی نووری بە جێگر و مونا قەهوەچی بە سکرتێری پەرلەمان دیاری کران؛ بەڵام یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێ کە دژی کاراکردنەوەی پەرلەمان بوون، لە رێگەی پەرلەمانتارێکی عێراق و سەرۆکی پێشووی تەمەنی پەرلەمانەوە دوو سکاڵایان لە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لە دژی کاراکردنەوەی پەرلەمان تۆمار کرد بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی دانیشتنەکە و دەرکردنی ئەمری وەلائی؛ بەڵام دادگا داواکارییەکانی رەتکردەوە.