غەفوور مەخمووری: هەوڵەکان بۆ لاوازکردن و دووئیدارەیی خزمەت بە کوردستان ناکەن
غەفوور مەخمووری، سکرتێری گشتیی یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، هەوڵەکان بۆ لاوازکردن و دوولەتکردنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان کارێکی “نانەتەوەیی و نانیشتیمانیین” و پێشخستنی بەرژەوەندیی حزبین بەسەر بەرژەوەندیی باڵای نەتەوەییدا، هاوکات داوای لە لایەنە سیاسییەکان کرد کێشە ناوخۆییەکان لە ڕێگەی دیالۆگەوە چارەسەر بکەن.
ئەمرۆ دووشەممە، 16ـی تشرینی دووەمی 2026، غەفوور مەخمووری بە کوردستان24ـی گوت: هەرێمی کوردستان بە خوێن و قوربانیدانێکی زۆر بنیات نراوە و بووەتە حکوومەتێکی دیفاکتۆ کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی حیسابی بۆ دەکات و مامەڵەی لەگەڵدا دەکات، جەختیشی کردەوە، چارەنووسی هەموو لایەنە سیاسییەکان و خەڵکی کوردستان بە هەرێمەوە بەندە و هەر “لایەنێک کار بۆ دوو ئیدارەیی و لەتکردنی قەوارەی هەرێم بکات، پەڵەیەکی رەش دەخاتە سەر مێژووی خۆی”
سەبارەت بە پەنابردنی هەندێک لایەن بۆ بەغدا، سکرتێری گشتیی یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان پێی وابوو کە خەڵکی کوردستان ئێستا هۆشیارترە و ناچێتە ژێر باری ئەو پیلانانەوە، روونیشی کردەوە، بە درێژایی مێژوو هەوڵەکان بۆ بەلاڕێدابردنی واقیعی سیاسیی کوردستان سەرکەوتوو نەبوون و هێڵی نەتەوەیی و نیشتیمانی سەرکەوتووتر بووە، هەروەها گوتی “پێویستە هەموو ناکۆکی و کێشە سیاسییەکان لە چوارچێوەی ناوخۆی کوردستاندا چارەسەر بکەین و پەنا بۆ بەغدا و نەیاران نەبەین، چونکە بەغدا هەموو هەوڵێکی بۆ لاوازکردن و لێدانی پێگەی هەرێمی کوردستانە”.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، غەفوور مەخمووری رەخنەی لە پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان گرت و ئاماژەی بەوە دا، زیاتر لە دوو ساڵە هەڵبژاردنی پەرلەمان ئەنجام دراوە، بەڵام دەزگای یاسادانانی وڵات پەک خراوە، پرسیاری ئەوەشی کرد، ئەگەر دەزگای یاسادانان بۆ دوو، سێ یان چوار ساڵ پەک بخرێت، ئەی بۆچی هەڵبژاردن دەکرێت؟ گوتیشی: لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا دەکرا هەموو دامەزراوەکانی کوردستان نوێ بکرێنەوە و کابینەی دەیەمی حکوومەت پێک بهێنرێت.
غەفوور مەخمووری تیشکی خستە سەر دەستپێشخەرییەکانی سەرۆک بارزانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئاشکرای کرد، پێش هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق، سەرۆک بارزانی لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی پێشنیاری ئیدارەدانی هاوبەشی هەرێمی کردووە و پێی راگەیاندووە، پۆستەکانی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، جێگری سەرۆکی هەرێم، سەرۆکی پەرلەمان، وەزارەتەکانی دارایی و کاروباری پێشمەرگە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش بەشی یەکێتی بن، وەزارەتە خزمەتگوزارییەکانیش بەپێی پێویستی لە نێوان لایەنە بەشداربووەکانی حکوومەتدا دابەش بکرێن، تەنانەت ئامادەیی دەربڕیوە لە بەغداش پشتگیری و دەنگ بە کاندیدی یەکێتی بدەن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار.
غەفوور مەخمووری ئاماژەی بە دەستپێشخەرییە نوێیەکەی سەرۆک بارزانی کرد، داوای لە سەرکردایەتیی پارتی و یەکێتی کردووە بۆ شکاندنی چەقبەستوویی سیاسی لەسەر مێزی دیالۆگ کۆببنەوە، و رایگەیاند: “پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکان پشتیوانی لەو هەوڵانە بکەین بۆ ئەوەی کێشەکان لە رێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنەوە چارەسەر بکەین، تاوەکو چیتر پێگەی هەرێمی کوردستان لاواز و ناشیرین نەکرێت”.