دەوڵەتی یاسا: قاچاخچێتیی نەوت رەتدەکەینەوە و دژی پێکدادانی چەکدارین
بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لەبارەی گرژییەکانی نێوان حکوومەتی عێراق و کەتائیبی حزبوڵڵا لە دۆسیەی قاچاخچێتیی نەوتی جورف سەخر رایگەیاند، هەر جۆرە بەقاچاخبردن و دەستکاریکردنێکی نەوت رەتدەکەنەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا دژایەتیی خلیسکانی قەیرانەکە بەرەو رووبەڕووبوونەوەی چەکداری دەکەن.
دووشەممە 16ی تشرینی دووەمی 2026، هیشام رەکابی، بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" نووسیویەتی: "هەڵوێستمان روونە؛ داوا دەکەین کێشەکە بە لێکتێگەیشتن و گفتوگۆ چارەسەر بکرێت بە جۆرێک کە سامانی نیشتمانی و بەرژەوەندییەکانی عێراق بپارێزێت. ئێمە هەر جۆرە قاچاخچێتییەکی نەوت یان یاریکردن پێی رەتدەکەینەوە و هەر کەسێک تێوەگلانی بسەلمێندرێت، دەبێت بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت."
بەڕێوەبەری نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا جەختی کردەوە، بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکەن ئەم قەیرانە ببێتە هۆی پێکدادانی چەکداری و گوتی؛ هەردوو لایەن برای ئێمەن و پەرۆشی هەردووکیانین، نەوتیش سامانی عێراقە و ئەرکی هەموومانە بیپارێزین.
هەر ئەمشەو سەرچاوەیەک لە چوارچێوەی هەماهەنگی بە کوردستان24ـی رایگەیاند کە نووری مالیکی و هادی عامری بەچڕی سەرقاڵی نێوەندگیرین بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی نێوان حکوومەت و کەتائیبی حزبوڵڵا؛ لە کاتێکدا سەرۆکوەزیران مۆڵەتی بەو گرووپە داوە تا 20ی ئەم مانگە لە جورف سەخر بکشێنەوە، چوارچێوەی هەماهەنگی و پەرلەمانتارێک جەخت دەکەنەوە کە رێگە بە هیچ پێکدادانێکی سەربازی نادرێت و دانوستاندنەکان بەردەوامن.
ئەم هەڵوێستە لە کاتێکدایە کە دوای ئاشکرابوونی تۆڕێکی فراوانی قاچاخچێتیی نەوت لە ناوچەی جورف سەخر، عەلی فالح زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق نۆ بەرپرسی باڵای ئەمنی و نەوتیی پارێزگای بابلی لەسەر کار لادا و فەرمانی جووڵاندنی هێزی ئەمنیی بۆ دەوروبەری ناوچەکە دەرکرد، ئەمەش گرژی و مەترسیی پێکدادانی راستەوخۆی لە نێوان هێزە حکوومییەکان و کەتائیبی حزبوڵڵادا دروست کردووە.