جەی دی ڤانس خۆبەربژێرکردنی بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا رەت ناکاتەوە
جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکدا رایگەیاند، ئەگەری خۆبەربژێرکردنی بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2028دا رەت ناکاتەوە.
جەی دی ڤانس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی گوتی: پرۆسەی بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکایەتی لە کۆشکی سپیدا کارێکی ئاسان نییە، بەڵکو پێویستی بە تێچوویەکی دارایی زۆر و خۆئامادەکارییەکی زۆر چڕ و درێژخایەن هەیە. لەبەر ئەم هۆیە بڕیاردان لەسەر بەربژێربوون پێویستی بە وردەکاری و یەکلاکردنەوەی پێشوەختە هەیە.
لە لایەکی دیکەوە رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویکردەوە، ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێس کە تێیدا دیموکراتەکان سەرکەوتنیان بەدەستهێنا، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر هەژمارە سیاسییەکانی جەی دی ڤانس بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی هەبووە، رۆژنامەکە دەریدەخات ئەو شکستە سیاسییەی رووبەڕووی کۆمارییەکان بووەوە، گومانی لەسەر داهاتووی سیاسیی جێگری سەرۆک دروست کردووە و هاوکێشە سیاسییەکانی تێکداوە.
بە گوێرەی راپۆرتەکە، جێگرەکەی سەرۆکی ئەمریکا و ژمارەیەک لە هاوپەیمانە نزیکەکانی، لە پشت پەردە و بە نهێنی، تاوتوێی ئەو ئاستەنگە قورسانەیان کردووە کە رووبەڕووی بەڕێوەبردنی کەمپەینی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە 2028 دەبنەوە، هەندێک لەو هاوپەیمانانە نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە و پێیان وایە کە بارودۆخەکە بە جۆرێکە لەوانەیە هیچ کۆمارییەک دوای دوو ساڵی تر توانای بردنەوەی پۆستی سەرۆکایەتیی نەبێت، هاوکات، وۆڵ ستریت جورناڵ لە زاری شەش کەسی نزیکەوە بڵاویکردەوە کە جەی دی ڤانس هەم پێش و هەم دوای هەڵبژاردنەکانیش بە کەسانی دەوروبەری گوتووە تا ئێستا هیچ بڕیارێکی کۆتایی لەسەر بەربژێربوونی نەداوە.
هەروەها دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێشتر لەلایەن میدیاکانەوە پرسیاری لێ کرابوو سەبارەت بەو کەسایەتییانەی کە دەتوانن لە داهاتوودا جێگەی بگرنەوە، لە وەڵامەکەیدا ناوی جێگرەکەی جەی دی ڤانسی نەگوت، ترەمپ لە بەرامبەردا ئاماژەی بە مارکۆ روبیو، وەزیری دەرەوە کرد و ستاییشی کرد بەوەی کە "پێم وایە مارکۆ ناوازەیە"، بەبێ ئەوەی لەو چاوپێکەوتنەدا هیچ ئاماژەیەک بە ناوی جەی دی ڤانس بدات یان وەک جێگرەوەی خۆی ناوی بهێنێت.