ژمارەیەک بەرپرسی پارتە سیاسییەکانی باکووری کوردستان دەستگیر کران
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، هەریەک لە بایرام بۆزیەل، سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان و حەسەن داختەکین، جێگری سەرۆکی پارتەکە، فوئاد ئۆنەن، سەرۆکی پێل کورد و جانۆ ئامەدی، سەرۆکی پارتی ولاتپاریزانی کوردستان، عەلی ئۆنجی، کەسایەتیی سەربەخۆی باکووری کوردستان، کە هەموویان ئەندامانی ئەنجوومەنی هاوپەیمانێتیی هاوبەندین، دەستگیرکراون.
چەند رۆژێک لەمەوبەر ئەو پارتە سیاسییانە هاوپەیمانێتییەکیان لە نیوانیان راگەیاندبوو و داوای مافی چارەنووسیان بۆ کورد کردووە. بەو هۆیەوە لە سۆشیاڵ میدیاوە لەلایەن نەژادپەرستانەوەهێرشی توندیان کراوەتە سەر و داواکاریی گشتی هاتووەتە سەر هێڵ.
لەوبارەوە ماهر یوکسەل پەیامنێری کوردستان24 گوتی: بەیانیی ئەمڕۆ، بە فەرمانی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی کۆماریی دیاربەکر، هەڵمەتێکی دەستبەسەرکردن دژی ئەندامانی ئەنجوومەنی هاوپەیمانیی نیشتمانیی کوردستان (مەجلیسی هەڤبەندی) ئەنجام درا.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە چوارچێوەی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا هەریەک لە بایرام بۆزیەل، سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان (PSK) و حەسەن داختەکین، جێگری سەرۆکی هەمان پارت، لە ئەنقەرە دەستبەسەر کراون. هەروەها جانۆ ئامەدی، جێگری سەرۆکی پارتی وڵاتپارێزانی کوردستان، و عەلی ئۆنجو، کەسایەتیی سەربەخۆ و ئەندامی ئەنجومەنی هاوپەیمانییەکە، دەستبەسەر کراون.
ئەوانەی دەستبەسەر کراون بۆ وەرگرتنی گوتەکانیان گواستراونەتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی دیاربەکر.