سەرۆکوەزیران بەردی بناخەی پڕۆژەی گەشتیاریی موڤێنپێک - گۆمەسپان دادەنێت
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناخەی پرۆژەی گەشتیاریی موڤێنپێک - گۆمەسپان دادەنێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، 17ی تشرینی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردی بناخەی پڕۆژەی گەشتیاریی "مۆڤێنپیک گۆمەسپان ریزۆرت" لە باکووری رۆژهەڵاتی هەولێر دادەنێت.
ریزۆرتەکە بە براندی "مۆڤێنپیک" لە لایەن کۆمپانیای "ئالکۆف"ـەوە و لە ژێر سەرپەرشتیی کۆمپانیای "ئاکۆر" دروست دەکرێت. پڕۆژەکە دەکەوێتە سەر نیمچەدوورگەیەک لە لێوارەکانی دەریاچەی گۆمەسپان لە باکووری رۆژهەڵاتی هەولێر و دەڕوانێتە سەر دەریاچەکە، هاوکات پلانی بۆ داڕێژراوە ببێتە شوێنێکی پێنج ئەستێرەیی پشوودان بۆ خێزان، مانەوەی ئاسوودە، ئاهەنگی هاوسەرگیری و بۆنە و رێوڕەسمە جیاوازەکان.
پڕۆژەکە لە 140 ژوور پێکدێت و کارەکتەرێکی تەلارسازیی هەیە سرووشی لە ریزۆرتە کەناردەریاییەکانی ئیتاڵیای نیوکلاسیکی وەرگرتووە. دیزاینەکەی لە شوێنی مانەوە، رووبەری سەوزایی و باڵکۆنە روو لە دەریاچەکە پێکدێت، کۆمپانیای "پی ئاند تی گرووپ"ـیش وەک تەلارساز و راوێژکاری سەرەکیی دیزاین کارەکانی کردووە.
خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی ریزۆرتەکە ئەم بەشانە لەخۆدەگرن:
- چێشتخانە، هۆڵی حەسانەوە و پشوودان، لەگەڵ چێشتخانە و کافێیەکی تایبەت بە کاتی ئاوابوونی خۆر.
- سەنتەری تەندروستی (سپا)، هۆڵی وەرزشی، مەلەوانگەی کراوە و داخراو.
- یانەی تایبەت بە منداڵان و گەنجان، لەگەڵ شوێنی بازاڕکردن.
- تەرخانکردنی رووبەری 1,800 مەتر چوارگۆشە تایبەت بە بۆنە و رێوڕەسمەکان، تێیدا هۆڵێکی گەورەی ئاهەنگگێڕان، چوار هۆڵی کۆبوونەوە، هەروەها شوێنی تایبەت بۆ ئاهەنگی هاوسەرگیری، بۆنە تایبەتەکان و کۆبوونەوەی بازرگانیی کۆمپانیاکان هەن.
براندی جیهانیی مۆڤێنپیک و یەکەم لق لە کوردستان
مۆڤێنپیک، براندێکی میوانداریی ناسراوی نێودەوڵەتییە و بنەچەکەی سویسرییە، مێژووەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1948 و بە شارەزایی لە چێشتلێنان و خزمەتگوزاریی گەرموگوڕ ناسراوە، تا ئێستاش گەشەی کردووە بۆ زیاتر لە 140 هۆتێل و ریزۆرت لە زیاتر لە 40 وڵاتی جیهاندا. ئەم براندە بەشێکە لە گرووپی "ئاکۆر"، وەک گرووپێکی پێشەنگی میوانداریی جیهانی خاوەنی زیاتر لە 5,800 هۆتێل و ریزۆرتە لە 110 وڵاتدا.
بەنداوی گۆمەسپان و پەرەپێدانی ناوچەکە
بەنداوی گۆمەسپان سێیەم گەورەترین بەنداوی هەرێمی کوردستانە و لە 16ی تشرینی یەکەمی 2024ـدا کرایەوە، هەروەها لە 24یشوباتی 2026ـیشدا پڕۆژەی رێگای دووسایدی "هەولێر - گۆمەسپان" کرایەوە بۆ ئەوەی ناوچەکە ببێتە یەکێک لە گەورەترین ناوچە گەشتیارییەکان لە پارێزگای هەولێردا.